سامان سیوەیلی: ساڵنامەیەکی تایبەت بۆ پڕۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی دادەندرێت

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات، ساڵنامەیکی تایبەت بۆ پرۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دادەندرێت، هەروەها رێگەنادرێت قوتابییانی ئەو سنوورانە زیانمەند بن.

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ هەموو ماف و شایستەکانی مامۆستایاندایە، حکومەتیش بە جیددی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە سایشتەکان بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دابین بکات.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، دەڵێت: "لە سنووری پرێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 650 هەزار قوتابی هەن، ماوەیەك پێش ئێستا ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لەگەڵ نوێنەری ئەو مامۆستایانە دانیشت و یاداشتی لێوەرگرتن، ئەمڕۆ بە فەرمی وەڵامیانی داوە، رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەسەر ئەو بابەتە هەیە، وەک وەزارەتی پەروەردە پابەندی خۆمان بە جێبەجێکردنی ئەو دوو داواکارییەی مامۆستایان کە خۆی دەبینێتەوە لە پلە بەرزکردنەوە و بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ رادەگەیەنین".

سامان سیوەیلی، ئاماژەی بەوەدا، "بە گرێبەستکردنی وانەبێژان بابەتێکی نوێ نییە بۆ ئێمە، پێش ئەوەی ئەم قەیرانە بسەپێندرێت بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، چەندین جار کۆبوونەوە کراوە کاری جیددی لەسەر کراوە، بەڵام بەهۆی ئەم قەیرانە دواخراوە، هەوڵی زۆر جیددی هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر جێەجێکرا ئێمەش پابەندی خۆمان رادەگەینین بە جێبەجێکردنی دوو داواکارییەی مامۆستایان".

گوتیشی: ئێمە پابەندین بە پاراستنی ماف و شکۆی مامۆستایان، بەڵام دەبێت هەموومان تێبگەین ئەم دۆخەی ئێستا دۆخێکی سەپێندراوە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، هیچ تاوانێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.

لەبارەی ساڵنامی خوێندن، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، دەڵێت: ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بۆ ئەم مەبەستە دەسەڵاتیان پێدراوە کە ساڵنامەیەکی تایبەت بەو سنوورانە دابنێن، لێژنەی پسپۆڕ دانراوە بۆ دانانی ئەو ساڵنامەیە لە پۆلی 1 بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی، هەروەها بۆ پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی ساڵنامەکەی تایبەت بە گوێرەی بەرژەوندی قوتابییان دادەنرێت.

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، کە ناهێڵن هیچ قوتابییەک زیانمەند بێت، هاوکاری و ئاسانکاریان بۆ دەکەن و هەروەها پەروەردەکانی ئەو سنوورانەش رەچاوی دۆخی قوتابییان دەکەن.

سامان سیوەیلی، دووبارە داواکارە لە مامۆستایانی ناڕازی بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندنی قوتابییان نەفەوتێت. هاوکات روونیکردەوە، وەزارەتی پەروەردە بەردەوام لە خەمی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆیەتی و لە ماوەکانی رابدووشدا زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستای وانەبێژ کرانە هەمیشەیی.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، دەشڵێت: "دەبێت هەموومان دەست بخەینە ناو دەستی یەکدی و رووبەڕووی ئەو پلانە دوژمناکارییە ببینەوە کە رووبەڕووی هەرێمەکەمان کراوەتەوە، هەر یەکەمان لە ئاستی  بەخۆی بەرپرسیارەتی خۆی هەستێت بەرامبەر بەو واقعەی کە بەسەرماندا سەپێندراوە، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی بە مەبەستی زامنکردنی سەرجەم شایستەداراییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە".

ئەمڕۆ یەکشەممە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، ئاماژە بەوەکرابوو، دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسای بەرکارەکان دەستپێدەکاتەوە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێن بە گرێبەست.

دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین بە نووسراوی فەرمی داوایان لە مامۆستایان کرد، رۆژی سێشەممە لە پێناو بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن دەست بە دەوامی فەرمی بکەنەوە.