یەکێتی ئەوروپا پاکێجی دیکەی سزاکان لە دژی رووسیا پەسەند دەکات

kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ، و وڵاتانی خۆرئاواش بەردەوامن لە سەپاندنی سزا و گەمارۆ بەسەر مۆسکۆدا، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێتی ئەوروپا پاکێجی 12مینی لە دژی رووسیا پەسەند کرد، ئێستا رووسیا لەسەر ئاستی جیهان بە زیاتر لە 18 هەزار سزا، ریزبەندی یەکەمی گرتووە، سەرەڕای ئەم گەمارۆ زۆرانەی خراونەتە سەر رووسیا، خاوەنکار و مامۆستایانی زانکۆ دەڵێن: هیچ یەکێک لەم سزایانە ناتوانن شکست بە ئابووری رووسیا بهێنن.

ئیسماعیل ئەلیکبێرۆڤیچ، خاوەنی فرۆشگای کەلوپەلی ئەلیکترۆنییە لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: "ئەمساڵ بازاڕ جموجوڵی زیاتری تێدایە، خەڵکی زیاتر پارە خەرج دەکەن، چونکە هەلومەرجەکە لەبەرچاویاندا رۆشنبووەتەوە، خەڵکی حەزیان لە ئامێری ئەلیکترۆنی گرانبەهایە و دەیکڕن، لە سەروبەندی سەری ساڵدا کڕیاری تەلەفۆنی ئایفۆن 15 زۆر بوون، هاوکات هەناسەیەکی ئاسوودەتر بە گشتی هەستی پێدەکرێت، بەوپێیەی کۆمپانیا گەورە و رۆژاواییەکان بازاڕەکەیان جێهێشتووە، ئێستا رەنگە کۆمپانیاکانی رۆژهەڵات بێنە بازاڕی رووسیاوە، پاشان بازاڕی رووسیا فراوانە، بۆیە لە داهاتوو کێشەی گەورەی نابێت".

ڤیچیسلاڤ ڤەلۆدینی سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند، دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا پاکێجی دوازدەهەمی سزاکانی دژی وڵاتەکەی پەسەند کرد، هەنوکە ژمارەی سزاکان گەیشتوونەتە 18 هەزار و 772  سزا، پەیوەست بەم پرسە لە مۆسکۆ ، مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە، سزاکان زیان بە خۆرئاواش دەگەیەنن .

 د. ئیقبال دیوررە، مامۆستای زانکۆ، بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەڵەیە بڵێین گەمارۆکانی خۆرئاوا هیچ کاریگەرییان لەسەر ئابووری ناوخۆی رووسیا نییە، بێگومان شوێنیان داناوە و هەڵئاوسانی ئابووری دروستبووە، بەڵام گوزەرانی خەڵک بە گشتی گۆڕانی گەورەی بەسەردا نەهاتووە و چاوەڕوانییەکانی خۆرئاوا بەڕاست نەگەڕان، چونکە رووسیا توانای خۆبژێوی هەیە، خۆرئاوا ویستی لە رووی تەکنۆلۆژییەوە رووسیا دووچاری بنبەست بکەن، بەڵام رووسیا بە هەماهەنگیی چین و تورکیا هەندێک وڵاتی دیکە چارەسەری کێشەکانی کرد، واتە ئەو دژواریانەی هاتنە پێش ئابووری رووسیا تێپەڕین".