ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل: پێویستە ئۆپەراسیۆنەکان کەمتر بکرێنەوە

سەربازانی ئیسرائیل لە بەرەی جەنگ دژی حەماس - فۆتۆ: AFP
سەربازانی ئیسرائیل لە بەرەی جەنگ دژی حەماس - فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر کەرتی غەززە کەمتر بکاتەوە.

ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئۆرشەلیم (قودس) داوای لە ئیسرائیل کرد خۆی لە فراوانبوونی ئەو شەڕە بە دوور بگرێت کە لە کەرتی غەززە بەڕێوەی دەبات و بە پێویستی دەزانێت "ئۆپەراسۆنەکان کەمتر بکرێنەوە".

وەزیرەی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆتایی گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، یسرائیل کاتز و ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ناتوانی گوزارشت لە ئازارەکانی ئەم ژمارە زۆرەی خەڵکی کەرتی غەززە بکەی، پێویستە ئۆپەراسیۆنەکان کەم بکرێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "رۆژ لە دوای رۆژ روونتر دەبێتەوە کە سوپای ئیسرائیل دەبێت زیاتر هەوڵبدات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە، دەبێت رێگایەک هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی حەماس بەبێ ئەوەی زۆرێک لە فەڵەستینیەکان ئازاربچێژن".

راشیگەیاند، ئەڵمانیا لە سەرەتای ململانێکانەوە پاڵپشتی بێ مەرجی پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە، کە لە دوای هێرشێکی حەماس لە ناو خاکی ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر سەری هەڵدا.

بێربووک ئاماژەی بەوەشکرد، "کە ئیسرائیل دەتوانێت بەهێز رووبەڕووی شەڕی دژی تیرۆری کوێر بکات کە دەیەوێت ئیسرائیل لەسەر نەخشە بسڕێتەوە". گوتیشی، " شەڕەکە زۆر لەمەوبەر کۆتایی دەهات ئەگەر حەماس بەردەوام نەبووایە لە شەڕە توندڕەوییە  شێتانەیە".

ئا: لاڤین عومەر