پێرێز پلانی دووەمی بۆ شوێنگرەوەی ئێمباپێ ئامادە كردووە

ریال مەدرید زانیاریی هەیە تێچووی گواستنەوەی هالاند 100 ملیۆن یۆرۆیە نەك 200 ملیۆن یۆرۆ
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی ئاس بڵاویكردووەتەوە لە ئەگەری شكستهێنان لە گواستنەوەی كلیان ئێمباپێ، ریال مەدرید پلانی Bـی ئامادە كردووە و لە هاوینی داهاتوو جێبەجێی دەكات، ئەویش گواستنەوەی ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجی یانەی مانچێستەر سیتییە.
لە رۆژی 1ـی ئەم مانگەوە ئێمباپێ ئازادە و دەتوانێـت بەبێ رەزامەندی ئیدارەی پاریس سانجێرمان گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەك بكات، ئاماژەكانیش بۆ ئەوەن كە ئەو یاریزانە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریال مەدرید دەكات.
بەپێی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا، ڕیاڵ مەدرید تا رۆژی 15ـەی ئەم مانگە مۆڵەتی بە ئێمباپێ داوە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەیوەندیکردن بە ڕیاڵ مەدرید یەکلایی بکاتەوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، لێدوانەكانی ئێمباپێ دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری فەرەنسا، ریال مەدریدی نیگەران كردووە كە تێیدا ئێمباپێ گوتی: هێشتا داهاتووی خۆمم یەكلایی نەكردووەتەوە. 
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئەگەر ئێمباپێ لە وادەی دیاریکراودا وەڵامی ئەرێنی بۆ یانەی ڕیال مەدرید نەداتەوە، ئەوا مێرێنگێ بە یەكجاری پشت لە ئێمباپێ دەكات و ڕوو لە ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی تەمەن 23 ساڵ دەکات، بەوپێیەی كارلۆ ئانچیلۆتی و ریال مەدرید لەمێژە سەرسامی خۆیان بە هالاند دەربڕیوە و دڵنیان ئەو هێرشبەرەی مان سیتی بە گرەنتی لە ماوەی وەرزێكدا 40 بۆ 50 گۆڵ تۆمار دەكات.
گرێبەستەكەی ئێرلینگ هالاند لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2027 كۆتایی دێت، رۆیشتنی لەم یانەیە پێش ئەم وادەیە كەمێك قورسە، تەنیا لە حاڵەتێكدا یاریزانەكە قوربانی بە پارەیەكی زۆر بدات.
ڕافایلا پیمێنتا بەڕێوەبەری كارەكانی ئێرلینگ هالاند لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی: "ئێمە وەكو كۆمپانیایەك كە خاوەنی چەندان بەڕێوەبەری ناودارین بۆ كاروباری یاریزانان هەمیشە باشترین بژاردە بۆ یاریزانەكانمان هەڵدەبژێرین، پێشتر لەسەر بانگهێشتی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە هەندێک لە یارییەکانی ڕیال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ لەم وەرزەدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادەبووم پەیوەندییەكی نایاب لە نێوانماندا هەیە.
رۆژنامەی ئاس ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە یانەی ڕیال مەدرید هیوایەكی باشی هەیە بۆ ئەوەی بە نرخێکی گونجاو گرێبەست لەگەڵ هالاند بكات، ئەوەش بەهۆی بڕگەیەکەوە کە کارئاسانی دەکات بۆ ڕۆیشتنی بۆ یانەیەكی دەرەوەی خولی ئینگلیزی بەتایبەت بۆ ریال مەدرید.
ڕۆژنامەی ئاس لە زاری سەرچاوەیەکی یانەی ڕیال مەدریدەوە بڵاوی كردووەتەوە ریال مەدرید زانیاری تەواوی هەیە تێچووی گواستنەوەی هالاند 100 ملیۆن یۆرۆیە نەك 200، ئابوریی ریال مەدریدیش لە ئاستێكی بەرزدایە و تەنانەت دەتوانێت لە یەككاتدا ئێمباپێ و هالاند بەیەكەوە بگوازێتەوە.
بە گوێرەی میدیایەكانی ئیسپانیا، هالاند ساڵێك لەمەوبەر لە شاری ماربێلای ئیسپانیا خانوویەكی گەورەی كڕیوە، زۆر حەزی لە گەشتکردنە بۆ ئیسپانیا، ئەگەر ئێستا هەموو شتێك لەژێر كۆنترۆڵ و خواستی یاریزانەكە دەبوو هەر ئێستا پەیوەندی بە ریال مەدرید دەكرد.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ئەگەر ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوو لە گواستنەوەی هالاند سەركەوتوو نەبوو، ئەوا بۆ هاوینی 2025 جارێكی دیكە هەوڵ بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە نەرویجییەكە دەدات، ئەمەش لە كاتێكدایە کارلۆ ئەنچیلۆتی پلانی ئەوەی هەیە بۆ داهاتوو پشت بە سێكوچكەی ڤینسیۆس، رۆدریگۆ و ئەندریك ببەستێت.