بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا: لەچەند هەفتەی داهاتوودا شەڕی غەززە کۆتایی دێت

فڕۆکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فڕۆکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

K24 – هەولێر :

بەرپرسێکی ئەمریکا کە یاوەری سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، واشنتن پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا جەنگی کەرتی غەززە کۆتایی بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (8-ی کانوونی دووەمی 2024)، کەناڵی(ئێن بی سی نیوز)، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە یاوەری سەردانەکەی  وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی( ئەنتۆنی بلینکن) دەکات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بەوە دەکات، واشنتن پێشبینی کۆتاییهاتنی شەڕی غەززە دەکات لەماوەی چەند هەفتەیەکدا.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاشکرای کردووە، وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن، لە کۆبوونەوەکانی ئەو هەفتەیەی، ئیسرائیل رادەسپێرێت بە گرنگیی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە لە نزیکترین کاتتدا، لەگەڵ ئەوەش پێگەکان زۆر بە وردی بپێکن بۆ ئەوەی کەمترین قوربانیی لەنێوان هاووڵاتیان بکەوێتەوە.

سەرۆکی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو و وەزیری بەرگریی یواف گالانت، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پێشتر هەر ئەمڕۆ  رایانگەیاند، جەنگ لە کەرتی غەززە راناگرن، لە سنووری لوبنانیش ناوەستن بەو نزیکانە، بەڵکو جەنگەکە چەند مانگێک دەخایەنێت.

بلینکن ئێستا لە سەردانێکدایە  بۆ ناوچەکە کە سعودیا و ئیمارات و قەتەر، ئەردەن و ئیسرائیل،کەناری خۆرئاوا. میسر دەگرێتەوە، بۆ قسەکردن لەسەر کەرتی غەززە.