لێژنەیەک بۆ گەڕاندنەوەی زەوی جووتیارانی کورد لە کەرکووک دەچێتە بەغدا

لیژنەی بەدواداچوون بۆ  جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی ژمارە (29)ی ساڵی 2012
لیژنەی بەدواداچوون بۆ  جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی ژمارە (29)ی ساڵی 2012

K24-هەولێر :

لەبارەی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، لیژنەی بەدواداچوون بۆ  جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی ژمارە (29)ی ساڵی 2012،  سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە(8-ی کانوونی دووەمی 2024)،دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لیژنەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی ژمارە (29)ی ساڵی 2012 دووەم کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، فەهمی بورهان  سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی کردووە بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکاریی و کێشەکانی دوایی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم.

بەپێی زانیارییەکان، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی بەدواداچوون بۆ کێشەی زەوی کشتوکاڵی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئامادە کراوە، وەک لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لەسەر دراوە، هەفتەی داهاتوو بە تەواوی راپۆرتەکانەوە لێژنەکە بچنە بەغدا، بۆئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی و ئاستەنگەکانی بەردەم بڕیاری(29) ی ساڵی 2012.

لیژنەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی ژمارە (29)ی ساڵی 2012 بە فەرمانی ژمارە (4958) ی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە.

وەک دژوار فایەق بەشداربووی لێژنەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: بڕیاری ژمارە(29)ی ساڵی 2012، پەیوەستە بە گرێبەستی زەوی کشتوکاڵیی جووتیارانی کەرکووک و دەوروبەری کە بەشێکی زۆری کوردانە، هەندێکیشی تورکمان.

دژوار فایەق دەڵێت: بەو بڕیارە، بڕیاری لێژنەی کاروباری باکووری بەعس هەڵدەوەشێنرێتەوە لەپێناو گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ کورد کە زیاتر لە 900 دۆنم زەوییە.