پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی دەستیپێکردەوە

K24 – هەولێر

دوێنێوە بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە داوایان لە بەرێوەبەری قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە، ئەگەرنا رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.

لەوبارەوە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ماوەی چوار مانگە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەوام نەکراوە، هەروەها چەند جارێکە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان داوا لەبەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان دەکەن دەرگای قوتابخانەکان بەرووی قوتابیاندا بکەنەوە، بەڵام دەرگای قوتابخانەکان نەکراونەتەوە.

گوتیشی: لە دوێنێوە بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە داوایان لە بەرێوەبەری قوتابخانەکان کردووە، پێویستە دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە، دەشڵێت: بانگەوازەکەی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکان بۆ ئەمڕۆ زیاتر بۆ هاتنەوەی مامۆستایان بووە بۆ ناوەندەکانی خوێندن تاوەکو پلانی وەرزی نوێی خوێندن دابنێن.

راشیگەیاند، ئەمجارە رێنمایی دەرچووە سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن، ئەویش گرتنەبەری رێکاری یاساییە بەرامبەر ئەو مامۆستایانەی کە بایکۆت ناشکێنن و نایەنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، گوتیشی قوتابخانەکانی دەڤەری راپەڕین لەسۆشیاڵ میدیاکانی خۆیان داوایان لە مامۆستایان کردووە بەیانی بێنەوە قوتابخانەکان، هەروەها داوایان لیکراوە لە گرووپەکانی خۆیان خشتەی وانەکانی خۆیان دابنێن.

باسی لەوەشکرد، ئەو مامۆستا و بەرێوەبەرو یاریدەدەرانەی کە پەیوەندی بە قوتابخانەکانییان ناکەنەوە پێویستە بە نوسراوێک بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی راپەرین ئاگادار بکەنەوە، هەروەها ئەو مامۆستایانەی وانەبێژن پەیوەندی بەقوتابخانەکان ناکەنەوە، دەبێت ناوەکانیان بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی راپەرین بنێردرێت.

ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری پەروەردەییەکان بەسەر قوتابخانەکاندا دەگەڕێن تاوەکو بزانن چ قوتابخانەیەک دەرگای نەکردووەتەوە ویاخود چ مامۆستایەک نەهاتووەتەوە،  بۆیە ئەوەی تێبینی کراوە بەشێک لە قوتابخانەکان دەرگاکانیان کردووەتەوە هەروەها مامۆستاکان هاتوونەتەوە ناوەندەکانی خوێندن.

سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی، مامۆستا سۆزان عوسمان بەرێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەپێی فەرمانی بەرێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی کە بۆمان هاتووە، کە ئەمڕۆ 9-1-2024 وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەستپێبکەینەوە، ئێمەش پابەندین بەبڕیارەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوماوەی ماوە پلان دانراوە کە هەردوو وەرزەکە بخوێندرێت تاوەکو هیچ قوتابییەک زەرەرمەند نەبێت، هەروەها لەدوای تاقیکردنەوەکان دەواممان ئاسایی دەبێتەوە. دەشڵێت: هەرچەندە ئێمە لە مانگی 10ـی 2023 دەوامی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەستیپێکردووە.

لە ساڵنامەی نوێی خوێندنی سلێمانی هاتووە، کە دەوامی فەرمی ناوەندەکانی خوێندنی وەرزی یەکەم لە 9/1/2024 دەستپێدەکاتەوە تاوەکو 4/3/2024. هەروەها لە 9/3/2024 خوێندن دەستپێدەکاتەوە تاوەکو 19/3/2024 کە دواتر تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەمی خویندن دەستپێدەکات.

دەستپێکی دەوامی وەرزی دووەمیش لە 24/3/2024 دەستپێدەکات تاوەکو 16/5/2024، هەروەها لە 19/5/2024 دەستپێدەکاتەوە تاوەکو 30/5/2024 دواتر تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم دەستپێدەکات.