وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان دەکرێت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 09-01-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای کۆمیسیۆن لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بەمەبەستی دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر سکاڵایەکی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. رۆژی 27-12-2023، دادگای فیدراڵی بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە بۆ رۆژی 21-01-2024 دواخست.

عیماد جەمیل جەختی کردەوە، بەهۆی ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق زیاتر لە حەوت جار بڕیاردانی لەبارەی ئەو سکاڵایە دواخستووە؛ نەیانتوانیوە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوبکەن، بۆیە داوایان کردووە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دەستنیشان بکرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24ـیش؛ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، کێشەی داراییان هەیە و حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنەکە خەرج بکات، وەکو پێویست دابین نەکردووە، بۆیە نەیانتوانیوە زۆرینەی رێکارەکان تەواو بکەن.