9 سەربازیی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززەدا کوژران

سوپای ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل

K24 – هەولێر :

سوپای ئیسرائیلی کوژرانی 9 سەربازی خۆی لە کەرتی غەززەدا ئاشکرا کرد لەکاتی رووبەرووبوونەوەدا لەگەڵ چەکدارانی حەماس.

ئەمڕۆ سێشەممە(9-ی کانوونی دووەمی 2024)، سوپای ئیسرائیلی کوژرانی 9 سەربازی خۆی لەکاتی رووبەرووبونەوەدا لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە ئاشکرا کرد، بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئەو سەربازانەی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراو پێیاندا، کوژراون، بەوەش ژمارەی سەربازانی کوژراوی ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا گەیشتۆتە 519.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پێگەی(ئێکس) بڵاوی کردەوە، پێنج لە خانەوادەی سەربازە کوژراوەکان هەواڵەکەیان پێڕاگەیاندراوە، پێشتریش هەواڵی کوژرانی چوار سەربازی دیکە لە کەرتی غەززەدا بە خانەوادەکانیان راگەیاندراوە.

ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی وشکانی لە(27ی ئۆکتۆبەر) بۆسەر کەرتی غەززە، گەیشتۆتە  185 سەرباز و ئەفسەر، ژمارەی تەواوی سەربازە کوژراوەکانیشیان لەنێو سوپادا لە جەنگی سەر کەرتی غەززە، گەیشتە 519 سەرباز و ئەفسەر.

رۆژنامەی(تایمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاوی کردەوە، پێنج لەو سەربازە ئیسرائیلیانەی ئەمڕۆ لە کەرتی غەززەدا کوژران، بەهۆی بۆمبی چێندراوە بووە لە ناوەڕاستی غەززە، سەربازێکی دیکەش بەر لە کوژرانی ئەو ژمارە سەربازە، بەهۆکاری نادیار گیانی لەدەستداوە.

ئیسرائیل بەڵێنیداوە تۆڵە لە حەماس بکاتەوە لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کردیە باشووری ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردوو، ئەو هێرشەی بووە هۆی کوژرانی 1140 ئیسرائیلی کە زۆرینەیان هاووڵاتی سڤیل بوون لە ژن و منداڵ، ئەوەش بەپێی ئەو زانیاریانەی ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ئاماری ئیسرائیلی.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، لە هێرشی 7ی ئۆکتۆبەردا، 250 ئیسرائیلی وەک بارمتە کەوتنە دەستی چەکدارانی حەماس، بەڵام حەماس 100 بارمتەی ئیسرائیلی ژێر دەستی لە نۆڤێمبەری رابردوو ئازاد کرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی هێرشەکانی وشکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 27 ی ئۆکتۆبەرەوە، زیاتر لە 23 هەزار هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن کوژران، ئەوەش بەپێی زانیاری و ئاماری دوایی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین.