گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بۆ کوردستان24 نوێترین زانیاری لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەخاتەڕوو

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێـت، گفتوگۆکانی شاندی ھەرێمی کوردستان و عێراق تا ئێستا زۆر باشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی ھەمواری یاسای بودجە بۆ پەرلەمان دەنێردرێت.

ھونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا بە ئاراستەی چارەسەری کێشەی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زۆر باشن، ھەوڵی ھەردوولاش لەپێناو چارەسەری کێشەکان بە تایبەت سەردانی ساڵی رابردووی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شاندی ھەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی کەشێکی ئەرێنی دروستکردبوو بۆ چارەسەری کێشەکان.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاوکات راشیگەیاند، راپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم لەسەر خەرجی، داهات، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کەشێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروستکردووە.

لەبارەی ھەمواری یاسای بودجەی عێراق کە تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆی شاندی ھەرێمی کوردستان بووە لەگەڵ بەغدا، ناوبراو گوتی: "پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، خەرجی دەرھێنان و گواستنەوەی نەوت دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوون کە ئێمە تێبینی و بۆچوونی خۆمان داوەتە حکومەتی عێراق کە دەبێت ئەو زیاتر لە 10 ترلیۆن دینارەی کە لە ساڵێکدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە لە ھەموو خەرجییەکانی دیکە جیابکرێتەوە، فەرمانبەرانی هەرێمیش وەک فەرمانبەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێبدرێت".

ھونەر جەمال، گوتیشی: کێشەیەکی دیکەش کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە لە یاسای بودجە خەرجی دەرھینان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانە کە ئەمەش تێبینی و رای خۆمان بە حکومەتی عێراق راگەیاندووە کە لە ھەمواری یاساکە چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بە کاتی ھەمواری یاسای بودجەی عێراق ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ھەردوولا پەرۆشن لە نزیکترین کات ھەموارەکە بنێردرێتە پەرلەمان، بەڵینی ئەوەش دراوە ئەولەویەتی کاری پەرلەمان ھەمواری یاسای بودجە بێـت، هاوکات کەشی گفتوگۆکان زۆر ئەرێنیە.

سەبارەت بەوەی کە ئایا شاندی ھەرێمی کوردستان کەی دەچێتەوە بەغدا گوتەبێژی وەزارەی دارای ئابووری دەڵێت: ھەر کات پێوست بکات شاندی ھەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا.

لەبارەی ناردنی  گوژمەیەک  بۆ مووچەی  فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تا یاسای بودجە ھەمواردەکرێتەوە، هونەر جەمال روونیکردەوە، ناردنی سولفە یا ھەر بڕە پارەیەک بە قەرز تا یاسای بودجە ھەمواردەکرێتەوە و پەسەند دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقە،  کە ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی وەزیران بخاتە دەنگدانەوە تا بڕیاری پێوستی لە بارەوە بدرێت و پەسەندبکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ھیوادارن ھەمواری یاسای بوجە پەسەند بکرێت بۆ ساڵی 2024 و ھەموو ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. گوتیشی: ئامانجی سەرەکیمان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانە.