باوکی قوربانییەك: لە دیوانییە شتێک بەناوی چاودێریی تەندروستی نییە

باوکی قوربانییەکی رووداوەکەی دیوانییە
باوکی قوربانییەکی رووداوەکەی دیوانییە

K24 – دیوانییە:

لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتانی پارێزگای دیوانییە چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 30ـی دیکەش برینداربوون، کوردستان24 سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە و باوکی یەکێک لە قوربانییان دەڵێت، لە دیوانییە شتێک بەناوی چاودێری تەندروستی نییە.

باوکی فاتیمە، کچەکەی بووەتە قوربانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمە تۆماری لەدایکبوونی کوڕەکەمە بەیانی لە نەخۆشخانەی فورات دەرمکرد، ئەمەش بەڵگەنامەی کۆچکردنەکەیەتی مەغریب دەرمکرد".

هاوکات راشیگەیاند، "پێنج خولەک پێش ئاگرەکە لەگەڵ پزیشک قسەم دەکرد، پێی گوتم، کوڕەکەت زۆرباشە و بارودۆخی جێگیرە، دەتوانی بەیانی لە نەخۆشخانە بیبەیتە دەرەوە، دواتر ئاگرکەوتەوە و دەرگای فریاگوزاریی داخرابوو، کارەباشیان لەسەر ئێمە کواژندەوە، دەرگاکەم شکاند، من و پزیشکە ئێشگرەکە دوو دوو منداڵانمان لە باوەشدەگرت و دەمانبردنە دەرەوە، ئاگرەکە کەمبوو بەڵام دەرگاکە داخرابوو، ئاگرکوژێنەوەکانیش هەموویان بەتاڵ بوون و تەنیا هەوایان تێدابوو، هەرچی چاودێریی تەندروستییە لە دیوانییە نیمانە نە چارەسەر هەیە نە دەرمان، هەمووی سفرە، کەمتەرخەمیش ئەم منداڵانەی بە کوشتندا".

کارەساتی ئەمجارە رووی لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانکردووە و چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە، کوردستان24 سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە. هاوشێوەی کارەساتەکەی حەمدانییە، کە هێشتا زامەکەی سارێژ نەبووە، نەبوونی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و چاودێری لە نەخۆشخانەکاندا، هێندەی دیکە خەڵکی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردبوو.

دایکی عەلی، شایەتحاڵ، بە کوردستان24ـی گوت: "لەگەڵ کچەکەم هاتین پشکنین بکەین، پێیان گوتین نیو کاتژمێری دیکە پشکنینەکانتان تەواو دەبێت، چوومە دەرەوەی چاوەڕێ بکەم و دووکەڵ بەرزبووەوە، کە بینیم خەڵک لەسەر شاقام رادەکەن منیش دوایان کەوتم، لە هەموو لایەک دووکەڵ دەهاتە دەرەوە و هیچ شتێک دیارنەبوو، دواتر تووشی سەرلێشێوان بووم، کچەکەم رایکردە ژوورەوە منداڵەکەی بێنێتە دەرەوە، منیش بەدوای ئەودا دەگەڕام".

لە لێکۆڵینەوەکانی بەرگری شارستانی پارێزگای دیوانییە دەرکەوتووە، هەرچەندە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام نەخۆشخانەکە رێنمایی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ نەکردووە.

زۆربوونی ژمارەی  رووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ لە کاتێکدایە كه‌ ساڵی 2023 زیاتر له‌ 21 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.