چین داوا لە ئەمەریکا دەکات واز لە پڕچەککردنی تایوان بهێنێت

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری چین داوا لەواشنتن دەکات لە پڕچەککردنی تایوان بوەستێت، دووپاتیشی کردەوە هیچ سازشێک لە سەر پرسی تایوان ناکات.

وەزارەتی بەرگری چین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لە میانەی کۆبوونەوەی 17ـی کاری وەزارەتەکانی بەرگری چین و ئەمەریکا کە لە 8 و 9ـی 1ـی 2024، لە واشنتن بەڕێوەچوو، چین جەختی لەوە کردەوە کە سازش لەسەر پرسی تایوان ناکات، گوتیشی: لایەنی ئەمەریکا دەبێت رێز لە بنەمای یەک چین بگرێت و بەڵێننامە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکەن، واز لە چەکدارکردنی تایوان بهێنن و دەست بکەن بە دژایەتیکردنی سەربەخۆیی تایوان".

هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا چین داوای لە ئەمەریکا کرد، "کردە سەربازی هەراسانکارەکانی لە ئاوەکانی باشووری چین کەم بکاتەوە"، هەروەها دەبێت لەهاوکارییەکانی بۆ تایوان بوەستێت.

وەزارەتی بەرگری چین ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ئەمەریکا بە تەواوی دان بە سەرچاوەی کێشە ئەمنییەکان لە دەریایی و ئاسمانیدا بنێت و کۆنترۆڵی توند بەسەر هێزەکانی هێڵی رووبەرووبونەوە بسەپێنێت و قسە و باسەکان رابگرێت".

لایەنی چینی ئامادەیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی سەقامگیر لەگەڵ ئەمەریکا لە بواری سەربازیدا لەسەر بنەمای یەکسانی و رێزگرتن دەربڕیووە، لە هەمان کاتدا ئەمەریکا پێویستە بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەکانی چین بکات و هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

دوای دانوستانەکانی نێوان شی جینپینگ سەرۆکی چین و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی لوتکەی "ئاپیک" کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەرێوەچوو، چین و ئەمەریکا هاوکاری سەربازییان دەستپێکردەوە.