لە نەینەوا 10 کەس لەسەر گەندەڵی دەستگیرکران

K24 - هەولێر

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، 10 کەسیان لە نەینەوا دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبارن بە دەستکاریکردن و ساختەکردن و سەرپێچیکردن لە تۆماری خانووبەرە.

دەستەی ده‌ستپاكی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوەداوە "تیمی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی نەینەوا توانیویانە، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، بەرپرسی خزمەتگوزاریی کەرتی ئاشتی، لەگەڵ دوو کارمەند لە کەرتی زەهور لە شارەوانی مووسڵ، و چەند تۆمەتبارێکی دیکە، بەهۆی ئەنجامدان و پەردەپۆشکردن و سەرپێچیکردن بۆ زەوییەکانی دەوڵەت ده‌ستگیر بكەن".

راشیگەیاندووە: "تۆمەتبارەکان هەڵوەستەیان نەکردووە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەگەڵ سەرپێچیکاران رێککەوتوون بۆ ئاسانکردن بۆ دروستکردنی خانوو لەو شوێنانەی کە  سەرپێچییان لێکراوە و بەدەستهێنانی کارتی تۆمارکردن بۆ ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی کە موڵکی دەوڵەته‌، بەپێی بڕیاری 320ی ساڵی 2022 کە داوا لە دادوەری لێکۆڵەر دەکات هەنگاو بنێت بە دەستگیرکردنیان بەپێی بڕگەکانی ماددەی 331 سزاکان".

ئەوەشخراوەتەڕوو، سێ تۆمەتبار بە بەدواداچوون بۆ مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە لە نەینەوا دەستگیرکراون، کە (28) مامەڵەی خانووبەرەی پێبووە، (11) بریکارنامە، و (14) کۆپی تۆماری خانووبەرە و دەرکردنی وەفاتنامەی ساختە و گواستنەوە گرێبەستەکان لە بەشی قایمقامیەتی نەینەوا، هەروەها  تیمی دەستە کە چاودێری سەرپێچیەکیان کردووە، لە پڕۆژەیەکی ئاودا کە تێچووی 14 ملیار دینار بوو لە قەزای رەبیعە، کە ئاوی دەریاچەی بەنداوی مووسڵ بووە.

هه‌روه‌ها فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا رایگەیاندووە، دوو ئەندامی لیژنەی کڕین بە تۆمەتی دەستکاریکردن و ساختەکردنی (30) پسوڵەی کڕین دەستگیرکران، کە کۆی گشتی بڕی (270) ملیۆن دینار بووە، ئەمە جگە لە دامەزراندنی (30) مامەڵەی کرێکار بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەکانی قایمقامیەتەکانی دیکە.

ئا: لاڤین عومەر