ئابووریناسێک: بڕیاری هەرزانکردنی نان و سەموون بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکە

د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکاری ئابووری
د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکاری ئابووری

K24 - هەولێر

ئابووریناسێک دەڵێت، بڕیاری حکومەت بۆ هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون لە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکە و "لە سوودی هەموو هاووڵاتییاندایە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-01-2024، د. محەممەد عەلی، شرۆڤەکاری ئابووری بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرۆشتنی هەر 10 نان و سەموون بە هەزار دینار لە نانەواخانە و سەموونخانەکان؛ بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکە و زۆرینەی هاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن.

ئەو ئابووریناسە جەختی کردەوە، حکومەت وەک پاڵپشتییەک بۆ هاووڵاتییان بڕیارەکەی دەرکردووە و گوتی، "یەکێک لە ئەرکەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردنی خۆراک و پاراستنی ئاسایشی خۆراکە".

بە گوتەی د. محەممەد عەلی، بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون "هیچ قازانجێکی حکومەتیی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، بەڵکوو ئەرکە لەسەر حکومەت و ئەرکیشی زیادکردووە".

لەبارەی کواڵێتیی ئەو ئاردەی لە نانەواخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت؛ د. محەممەد ئاماژەی بەوە دا، "هیچ جۆرە ئاردێک لە ئاردی کوردستان و هیچ خواردنێک لە خواردنی کوردستان خۆشتر باشتر نییە".

بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە لەمەودوا لە هەموو نانەواخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار)  بێت و هەر سەموونخانەیەک و نانەواخانەیەکیش پابەندى بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووى رێکارى یاسایی دەبێتەوە.

حکومەت بەم شێوەیە قەرەبووی خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکانی کردووەتەوە:

1. سەدا 50ـی کرێی کارەبای سەموونخانە و نانەواخانەکانی کەمکردووەتەوە.

2. ئێستا هەر لیترێکی گازی شل لە بازاڕ بە بە 600 دینارە، بەڵام وەکو پاڵپشتی، لیتر بە 300 دینار بە سەموونخانە و نانەواخانەکان دەدرێت، واتا سەدا 50ـی ئەو نرخەشی کەمکردووەتەوە.

3. ئێستا فەردەی ئارد لە بازاڕەکان بە 34 هەزار دینارە، بەڵام بۆ خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەکان، بە 29 هەزار دینارە و حکومەت چاودێریی کواڵێتییەکەی دەکات. لەگەڵ کڕینی هەر تۆنێک ئاردیش، فەردەیەک ئارد بێبەرامبەر پێیان دەدرێت.