کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا لەوەزارەتی بازرگانی دەکات کۆمپانیای جی 42ـی ئیماراتی کۆنتڕۆڵ بکات

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمەریکی رایگەیاند، لیژنەیەکی سەر بە کۆنگرێس داوای لە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا کردووە، گەورە کۆمپانیای "جی 42"ـی ئیماراتی سنووردار بکرێت بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ چین.

رۆژنامەکە رایگەیاند، لە نامەیەکدا کە رۆژی چوارشەممە بۆ وەزارەتی بازرگانی نێردراوە، لیژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پارتی شیوعی چین رایگەیاندووە، کۆمپانیای "جی 42" ئیماراتی "کارێکی بەرفراوان لەگەڵ سوپا و دەزگای هەواڵگری و دامەزراوە دەوڵەتییەکان" لە چین دەکات، بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە .

باسی لەوەشکرد، کۆمپانیای G42 تایبەتمەندە لە بواری زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیاکانی دیکە، لەلایەن شێخ تەحنون زاید ئال نهیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات سەرپەرشتی دەکرێت.

گوتیشی: کۆمپانیای G42 ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیای ئەمەریکی ئەنجامداوە، لەنێویاندا، مایکرۆسۆفت و دێڵ و ئۆپن ئای.

رۆژنامەکە ئاشکراشیکرد، کۆمپانیای "سێریبراس" کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی "چیپی ئەلیکترۆنی" لە سلیکۆن ڤالی، خەریکی دروستکردنی کۆمپیوتەرێکی خێرایە بۆ کۆمپانیا ئیماراتییەکە، بۆ دروستکردن و بەڕێوەبردنی بەرهەمی زیرەکی دەستکرد.

 لیژنەی کۆنگرێس داوای لە وەزارەتی بازرگانی کردووە بیر لە سەپاندنی کۆنترۆڵی هەناردەکردن بکاتەوە بەسەر کۆمپانیای "جی 42" و 13 کۆمپانیای دیکە کە زۆربەیان لە چینن و خاوەندارێتیان بە کۆمپانیای ئیماراتیەوە هەیە.

ئەگەر ئەو کۆنتڕۆڵانە بسەپێنرێن، رێگری لە فرۆشتنی بەرهەمەکان بە کۆمپانیاکانی ئیماراتی و چینی لە لایەن کۆمپانیا ئەمەریکیەکان دەکرێت، مەگەر مۆڵەت لە وەزارەتەکە وەرگرن.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا 2ـی شوبات مۆڵەتیان بە وەزارەتی بازرگانی داوە تا کار لەسەر داواکارییەکە بکات، یان بۆ یاسادانەران روونبکاتەوە کە بۆچی ئەو کارە ئەنجام نادات.

 لیژنەکەی کۆنگرێس روونیکردەوە کە پێداچوونەوەی بەو بەڵگەنامانەدا کردووە کە دەریدەخەن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی "جی 42"، پێنگ شیاو، کاردەکات و سەر بە تۆڕێکی بەرفراوانی کۆمپانیاکانە کە لە رووی داراییەوە پشتگیری پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای سەربازی دەکەن.

گوتەبێژی کۆمیتەی کۆنگرێسی حزبی شیوعی چین رەتیکردەوە ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا بکات، کە پێداچوونەوەیان بۆ کردوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پەیامەکەمان پێگەیشتووە و لە رێگەی کەناڵە گونجاوەکانەوە وەڵام دەدەینەوە.