ساموێل وۆربێرگ: ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كاته‌وه
K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانی جه‌نگی غه‌ززه و هێرشی میلیشیا و حوسییه‌كان، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌ریكا پێی وایه گرنگترین شت بریتییه له هه‌ماهه‌نگیكردن. هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد و گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كاته‌وه".
ساموێل وۆربێرگ گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له په‌یوه‌ندییه ئاساییه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ ته‌واوی حكومه‌ت و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان ده‌كاته‌وه.
ئه‌و گوته‌بێژه راشیگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كاته‌وه.
ده‌شڵێت: "پێمان وایه سه‌قامگیری گرنگترین شته بۆ دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پێویسته هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانمان گه‌لانی ئه‌و ناوچه‌یه خۆیان له هێرشه‌ی تیرۆریستان بپارێزن و رێگه به ئێران و بریكاره‌كانی نه‌ده‌ن ده‌ست له‌كاروبارییان وه‌ربده‌ن".
تایبه‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ساموێل وۆربێرگ ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا بسه‌پێنێت، بلینكن كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌ی بۆ داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێ بووه".