ئەرشەد ساڵحی: پارتی نایەوێت تورکمان لە دەرەوەی هاوکێشەی سیاسی کەرکووك بێت

ئەرشەد ساڵحی، په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ پشكی پارێزگای كه‌ركووك
ئەرشەد ساڵحی، په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ پشكی پارێزگای كه‌ركووك

K24 – هەولێر:

په‌رله‌مانتارێکی عێراق له‌ پشكی پارێزگای كه‌ركووك، رایدەگەیەنێت؛ پێویستە پۆستەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە یەکسانی دابەشبکرێت و نابێت لە کەرکووك پرسی زۆرینە و کەمینە هەبێت. گوتیشی: تا ئێستا زەوییەکانی تورکمان و کورد لەلایەن عەرەبەوە لە کەرکووك داگیرکراون.

ئەرشەد ساڵحی، په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ پشكی پارێزگای كه‌ركووك، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 باسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك کرد و هیوادارە ئەو هەڵبژاردنەی کە ئەنجامدرا ببێتە دەستپێکی نوێ بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، هەروەها ببێتە هەنگاوێکی باش و نموونەیكی نوێ لە عێراقدا، داواکاریشە حکومەتێکی تایبەت لە کەرکووك پێکبهێندرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەدا، کەرکووك پێویستی بە حکومەتێکی خۆجێی تایبەت هەیە، ئەو ئیدارەی کە لە کەرکووک پێکبهێندرێت، پێویستە سەیری گۆڕانکاری دیمۆگرافی نەکات، ناکرێت پرسی زۆرینە و کەمینە لە هەڵبژاردنەکان جێبەجێ بکرێت. گوتی: "ئێمە لە پەرلەمانی عێراق ئەم بڕیارەمان دەرکردبوو ئاماژەمان بەوەدابوو؛ ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچی بێت پێویستە ئیدارەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە لە کەرکووك پێکبهێندرێت  و هیچ لایەنێک، لایەنێکی دیکە کۆنتڕۆڵ نەکات".

ئەرشەد ساڵحی، هەروەها راشیگەیاند، دۆخی کەرکووک پێویستی بە سازان هەیە و شتێکی ئەستەمە لە کەرکووک بتوانرێت ئیدارە بە زۆرینەیی پێکبهێندرێت. ئەوەشی گوت: "پڕۆژەی ئێمە لەگەڵ کورد و عەرەبە، دەبێت سازمان هەبێت و ئیدارەی هاوبەش پێکبهێنین، نامانەوێت لە دژی کورد لەگەڵ عەرەب یەک بگرین، یاخود بە پێچەوانەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، ئیدارەدانی تاک لایەنانە هەرگیز لە کەرکووک سەرکەوتوو نەبووە، "لە ئێستا نزیکبوونەوە لەگەڵ پارتی هەیە بۆ ئەوەی ئەو ئیدارەیە پێکبهێنن، دەمانەوێت هەمان نزیکبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، لایەن و نەتەوەکانی دیکەش هەبێت".

ئەرشەد ساڵحی، دەڵێت: کورد دژی ئەوە نین لە کەرکووک تورکمان پۆستی پارێزگار وەربگرێت، بەڵام پێویستە بۆ دابەشکردنی رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت، پێویستە هەموو پۆستە سەرەکییەکان بە گوێرەی رێککەوتنێکی سیاسی دابەش بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، باسی لەوەکرد، هەندێک خاڵی هاوبەش وەک ستەم و زۆرداری هاوبەش لەنێوان کورد و تورکمان لە کەرکووک هەیە، کە لە سەردەمی بەعسەوە تا ئێستا ماوە و زەوییەکانی تورکمان و کورد لەلایەن عەرەبەوە داگیرکراون.

ئەرشەد ساڵحی، گوتی: "ئەمجارە پارتە سیاسییەکان بە شێوەیەکی هاوسەنگ و ئەقڵێکی سیاسی باشتر رێکدەکەون، بە تایبەتی ئەمە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەبینین، هیوادارم ئەم هەڵوێستە لە یەکێتیش ببینین، پارتی نایەوێت تورکمان لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە جێبێڵن، هیوادارم یەکێتیش وەک پارتی بیر بکاتەوە".

گوتیشی: تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە یەکلایینەکراوەتەوە، چونکە سکاڵا تۆمار کراوە، دواتر کۆمیسیۆن یەکلایی دەکاتەوە، لەمڕۆ بەدواوە هەموو لایەنەکان تیمی دانووستاندنی خۆیان پێکدێنن و لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە.

لەبارەی مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ کەرکووک، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "تا ئێستا هەوڵێکی چارەسەرمان لە حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە کەرکووك نەدیوە".

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی سێشەممە (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لایەنەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیاند و لە کەرکووک لایەنە کوردییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە. هەرچەندە هەوڵ بۆ دواخستنی دەدرا بەڵام رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.