دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ماڵی لیوا رزگار محەممەدئەمین ده‌كات

دیمه‌نی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ماڵی  لیوا رزگار محەمەدئەمین / وێنه‌: كوردستان24
دیمه‌نی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ماڵی لیوا رزگار محەمەدئەمین / وێنه‌: كوردستان24

K24 - هەولێر:

دوای ئه‌وه‌ی هێزی کوماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتی لە سلێمانی چوونەسەر ماڵی لیوا رزگار محەممەدئەمین، ئەفسەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كاره‌ تەواو پێچەوانەی رێکكارە یاساییەکانە و دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتووه‌: وەک دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و چاودێری ئەو کەیسە و هەموو بابەتێکی دیكه‌ی پەیوەست بە پێشێلکارییەکان لەهەرکوێ بێ.

پێشتریش ئاواز له‌تیف، هاوسەری لیوا رزگار، بە کوردستان24ـی گوتبو: "ئەو هێزە هاتنە سەر ماڵەکەمان و گوتیان تۆ هاوسەری ئەویت منیش گوتم بەڵێ، گوتیان: خۆی لە کوێیە چووەتە لای ئەژی ئەمین گوتم: بەڵێ بە شانازییەوە دەچێتە لای".

گوتبوشی: "هاوسەرەکەم لە تەمەنی 14 ساڵییەوە پێشمەرگەیە، ئەوە دووەم جاره‌ هێز دەنێرنە سەر ماڵەکەمان، زیاتر لە 100 چەکدار هاتووەتە سەر ماڵەکەمان، هەر من لە ماڵەوە بووم و منیان کردە ژوورێک و مۆبایلەکەیان لێسەندم و بە دڵی خۆیان شتیان لە ماڵەکەمان بردووە، هەموو پاداشتەکەی خزمەتی رزگار ئەوەبوو؟".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان:

رۆژی سیشەممە هێزێکی چەکداری ناسنامە نادیار هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک لە شاری سلێمانی .

بەوتەی یەکێک لەخاوەن ماڵەکە هێزێکی نادیار بونە و خۆیان نەناساندووەو هیچ فەرمانێکی دادگاشیان پێ نەبووە چونەتە سەر ماڵەکەیان و پشکنینان کردووە و چەند کەل وپەلێکی ماڵەکەیان بردوە.

دەستەی مافی مرۆڤ وەک ئەرکی خۆی لە چاودێری وبەدوا داچون بۆ پێشێلکاریەکان له ڕۆژی چوارشەممەوە لەڕێگەی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤەوە بەدوا داچونی کرد بۆ حاڵەتەکە بۆ ئەو مەبەستەش لای خۆیانەوە پەیوەندیان بە ئاسایشی سلێمانی کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری بەڵام پەیوەندیەکانیان وەڵام نەدراوەتەوەو تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی ئەمنی و ئیداری پارێزگای سلێمانی هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە لەسەر ڕووداوەکەو ناسنامەی ئەو هێزە چەکدارە کە بەوتەی خاوەن ماڵەکە دەیان کەس بونە.

ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێڕای ئەوەی ئیدانەی ئەو حالەتە دەکەین و تەواو پێچەوانەی ڕێکارە یاساییەکانەو دژی بنەماکانی مافی مرۆڤەو هیچ پاساوێک نیە بۆ هیچ دەزگایەکی ئەمنی و سەربازی بۆ هەڵکوتانە سەر هیچ ماڵ و کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەرو لەدەرەوەی یاسا.

ئێمە نیگەرانین لە بێ دەنگی و بڵاونەکردنەوەی زانیاری لەلایەن دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەسەر ڕووداوەکە چونکە پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک لەئەستۆی ئەو هێزانەیە ناکرێ هێزێکی چەکدار لەدەرەوەی یاساو ڕێکارەکان و بێ دیاری کردنی ناسنامەیان و بێ ئاگاداری لایەنە فەڕمیەکان هەڵبکوتنە سەر خەڵک .

ئێمە ئەوە بە پێشهاتێکی خراپ دەزانین و بەشێکە لەپاشەکشێی سەروەری یاساو مافی مرۆڤ وە ئەرکی سەرەکیش بۆ ئەو پرسە دەکەوێتە ئەستۆی داواکاری گشتی بۆ بەدوا داچونی کەیسەکەو وەک بەشێک لە پارێزگاری کردن لەمافی گشتی.

وەک دەستەی مافی مرۆڤیش بەردەوام دەبین لە بەدوا داچون و چاودێری ئەو کەیسەو هەموو بابەتێکی تری پەیوەست بە پێشێلکاریەکان لەهەرکوێ بێ و هەرکەس و لایەنێک بیکات و ئەرکی خۆمان جێ بەجێ دەکەین و هەماهەنگ دەبین لەگەڵ دام و دەزگا فەڕمیەکان بۆ پارێزگاری کردن لە مافی خەڵک و پاراستنی شکۆمەندی و ژیانی هاوڵاتیان و سەروەری یاساو هیوادارین هەرچی زووە دەزگاکانی شاری سلێمانی ڕونکردنەوەو زانیاری لەسەر ئەو کەیسە بڵاوبکەنەوە بۆ ڕای گشتی و ئەو حاڵەتانەش دووبارە نەبنەوەو دڵنیایی بدەنە هاوڵاتیان.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان