زیاتر لە 150 هەزار کورد لە کازاخستان دەژین

لە کازاخستان کۆمەڵەیەک بۆ خزمەتی زمان و کولتووری کوردی دامەزراوە
kurdistan24.net

K24 - ئەڵمەتی

کورد لەنێو 130 نەتەوەی کازاخستاندا، پێکهاتەیەکی گرنگی وڵاتەکەن و  لە زۆر سێکتەرەکاندا رۆڵی ئەرێنی و بەرچاو دەگێڕن.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر 150 هەزار کورد لە کازاخستان دەژین، و زیاتر لە 35 ساڵە کۆمەڵەیەکیان دامەزراندووە، بۆ خزمەتی زمان و کولتووری رەسەنی کوردی، تائێستاش چالاکانە لە زۆربەی شارەکانی کازاخستان کار دەکات.

ئەڵمەتی، گەورەترین شاری کازاخستانە، و تاوەکو ساڵی 97 پایتەختی وڵاتەکە بوو، ئێستا لە کازاخستان زیاتر لە 130 نەتەوەی جیاواز دەژین، مێژووی پەیدابوونی کورد لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1937، کاتێک بە فەرمانی ستالین، کوردەکان لە کۆمارەکانی دیکەی سۆڤیێتەوە راگوێزران بۆ کازاخستان، لەسەردەمێکی دژواردا ئەکادیمی و خەمخۆرانی کورد، کۆمەڵەی بەربانگیان دامەزراندووە، ئەمڕۆ  نەوەیەکی دیکە درێژە بە کاروانەکە دەدەن.

ئەگالی نیاز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بەربانگی کوردانی کازاخستان، بە کوردستان24ی گوت: "کورد لە 13 شاری کازاخستان نیشتەجێن، کۆمەڵەی بەربانگ لە هەموو ئەو شارانە نووسینگەی هەیە و سەرۆکی کۆمەڵە هەیە و چالاکی دەکەن".

د.موراد شامیلۆڤ، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی کازاخ ئەبلای خان لە ئەڵمەتی، ئەو لەپاڵ پیشەکەیدا، رۆڵێکی کارا دەبینێت لە بەردەوامی رۆژنامەی "ژیانا کورد" و "گۆڤاری نوبار". ئەو دەڵێت: "ساڵی جارێک گۆڤاری نوبار و چوار ژمارەی رۆژنامەی ژیانا کورد چاپ و بڵاودەکەینەوە، تێیدا هەواڵی کوردانی کازاخستان و رووسیا و کوردستان بڵاودەکەینەوە".

کوردانی کازاخستان زیاتر لە 87 ساڵە لنێو نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکاندا خۆیان پاراستووە، بەڵام ئێستا قسەکردن بە زمانی کوردی لای نەوەی نوێ بابەتێکە پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت، بۆیە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی بەربانگ لە هەوڵدان رژدتر کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن.

لەوبارەوە ئیبراهیم فلیت، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بەربانگی کوردانی کازاخستان گوتی: "ئەوەی گرنگە منداڵەکانمان فێری زمانی کوردی بکەین، ئەوانیش بە کوردی قسە بکەن".

هەروەها رافیک میرزۆیێڤ، سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژکاری کۆمەڵەی بەربانگی کوردانی کازاخستان دەڵێت: "کار لەسەر بە زیندوهێشتنەوەی داب و نەریت و جل و بەرگ و کولتووری کوردی دەکەین".

 هەر کات لە کازاخستان باس لە کورد بکرێت، پرۆفیسۆران نادر نادیرۆڤ، کنیاز ئیبراهیمی و گولهوسەینێ حەسەن موسایێڤ، ئەستێرەی درەوشاوەی کوردن، کە جێ پەنجەیان بەسەر بواری زانستی کازاخستاندا دیارە، هەنوکەش  پرۆفیسۆر رەشید نادیرۆڤ، بەڕێوەبەری ناوەندێکی گرنگی زانستی وڵاتەکەیە.

لە قۆناغی ئێستادا، گەشە و پێشکەوتنی نەتەوەکان ئاڵۆز و خێرایە، کوردانی کازاخستان کاردەکەن، تا لە گۆڕەپانی فرەچەشنی وڵاتەکەدا چالاکانە ئامادەییان هەبێت، هەر ئەمەشە وایکردووە، لە بواری زانستی، ئابووری، بازرگانی، وەرزشی، هونەری و چەندین بواری تر ناوبانگێکی باش بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.