کۆچی نایاسایی لە ھەرێمی کوردستان کەمیکردووە

kurdistan24.net

K24 - رانیە

بەراورد بە سێ ساڵانی رابردوو، کۆچی نایاسایی لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا زۆر کەمیکردووە.

تۆڕی ھەماھەنگی رێکخراوە مەدەنییەکان رایگەیاندووە، خراپی دۆخی ئابووری ئەوروپا، سەختی و مەترسی رێگاکان و سەختی ژیانی پەنابەرانی نایاسایی، هەروەها جەنگی ئۆکرانیا و روسیا وایکردووە کۆچی نایاسایی کەمبێتەوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا، زۆرترین کۆچبەری نایاسایی کە لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە، لە دەڤەری راپەرینبوونە، دوای گەیشتن بە ئەوروپا بەشێکیان پەشیمان بوونەتەوە و پێیان وابووە ئەوروپا ئەوە نەبووە کە لە خەیاڵدانی خۆیان پێشتر دروستیان کردبوو، ھێدی حەسەن هاووڵاتییەکی دانیشتووی رانیەیە، دوای کۆچی خۆی و منداڵ و خێزانەکەی و مانەوەی ساڵێک لە ئەوروپا بڕیاریداوە بە خواستی خۆی بگەڕێتەوە و ئێستا لە رانیە دەژیت، ئەو دەڵێ "تا بەچاوی خۆت نەیبینی نازانی ئەوروپا بۆ ژیانی پەنابەران ئەوە نییە کە لە دوورەوە تەماشای دەکەی".

ئومێد محەممەد، یەکێکی ترە لەو پەنابەرانەی دوای 15 ساڵ ژیان لە وڵاتی نەرویج، مانگی رابردوو بەبێ خواستی خۆی دیپۆرتی ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2008ـەوە گەیشتمە نەورویج، ساڵی 2023 دیپۆرتکرامەوە بۆ بەغدا، چونکە ناتێگەیشتن لە کەیسەکەم هەبوو، یاسای ئەو وڵاتە رێی پێنەدام زیاتر بمێنمەوە".

سەختی رێگاکانی کۆچ و فڕوفێڵی قاچاغچەکان، خراپی دۆخی پەنابەران و تێکچوونی دۆخی ئابووری وڵاتانی ئەوروپا و پێنەدانی مافی پەنابەری و زۆر ھۆکاری تری ناوخۆییش وایکردوە ساڵی رابردوو کۆچکردنی نایاسایی لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کەمتر ببێتەوە.

بەکر عەلی، بەرپرسی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەردەوام پەیوەندییمان لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانمان لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە، ئاگاداری ئەوەین کە پەنابەران لە دۆخێکی دژواردا دەژین، بەڵام تا نەگەن بەو وڵاتانە نازانن دۆخەکە چۆنە، ئینجا پەشیمان دەبنەوە".