کاندیدێکی کۆمارییەکان: ترەمپ شکستدەهێنێت و دادگایی دەکرێت

رۆن دیسانتیس، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا
رۆن دیسانتیس، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

کاندیدێکی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، ترەمپ لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، شکستدەهێنێت و دادگایی دەکرێت. دەشڵێت، بایدن سەربازانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستوونەتە مەترسییەوە.

پێنجەم دیبەیتی کانددی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمەریکا بەڕێوەچوو. جیاواز لە دیبەیتەکانی پێشوو، ئەمجارەیان تەنیا دوو کاندید بەشداربوون و تیشک خرایە سەر زۆر بابەت و بە توندیش رەخنەیان لە یەکدی گرت.

رۆن دیسانتیس، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا رایگەیاند،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، شکستدەهێنێت و دادگایی دەکرێت.

رۆن دیسانتیس گوتی: "پێموایە کێشەیەکی گەورەتر هەیە کە دەبێت کۆمارییەکان بیری لێ بکەنەوە. دۆناڵد ترەمپ لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون شکستدەهێنێت و لەبەردەم دادوەرانی دادگایەکی چەپی دیموکراتەکان لە واشنتن دادگایی دەکرێت."

دیسانتیس سەبارەت بە سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرایکرد، بایدن هیچ گرنگییەک بە هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات و خستوونییەتە مەترسییەوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا هەرگیز هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناخاتە مەترسییەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کۆچبەرێکی زۆر لە تەواوی جیهانەوە روویان لە ئەمەریکا کردووە، کاتێک بووە سەرۆکی ئەمەریکا هەموویان دیپۆرت دەکاتەوە.

ئەمجارەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و بەهێزترین کاندینی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان لە دیبەتەکە بەشدار نەبوو، بەڵکو تاون هۆڵێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئەنجامدا و زۆر شتی باسکردن، رەخنەی توندی لە دیسانتیس گرت و بە ىێوەفا ناویبرد.

دۆناڵد ترەمپ دووپاتیشیکردەوە، سیاسەتی بایدن زۆر لاوازە و بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئەو، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و شەری حەماس و ئیسرائیل روویاندا، ئەگەر خۆی سەرۆک بوایە هیچ کام لەوان روویاننەدەدا.

ترەمپ بەهێزترین کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکانە و بەگوێرەی دوایین راپرسی ترەمپ زیاتر لە 60 لەسەدی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بە جیاوازی 30 پۆینتیش لەپێش تەواوی کاندیدە کۆمارییەکانەوەیە. بەگوێرەی راپرسییەکانیش ترەمپ و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کێرڤی دەنگەکانیان یەکسانە.