بەرنامەی ئێکس دەستیپێکرد؛ گفتوگۆ و زانیاری تایبەت لەبارەی هێرشە درۆنییەکان

بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان
بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان

K24 – هەولێر:

ئێستا لە شاشە و سۆشیال میدیای کوردستان24، بەرنامەی "ئێکس لەگەڵ کۆڤان" بە میوانداریی حەیدەر بەرزنجی، چاودێری سیاسیی نزیک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و مەشخەڵ کەوڵۆسی، نووسەر پێشکەش دەکرێت.

بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان (11ـی کانوونی دووەمی 2024) باس لە هێرشە دۆرنییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ سەر بنەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و داخوازی بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان بۆ جێهێشتنی خاکی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەو هاوکێشەیە.

بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان، بەرنامەیەکی وەرزی نوێی کوردستان24ـە کە بەرنامەیەکی گفتوگۆئامێزی ئاراستە و بیروبۆچوونە جیاوازەکانە و لەلایەن رۆژنامەنووس کۆڤان عزەتەوە پێشکەش دەکرێت.

ئەم بەرنامەیە هەموو رۆژانی پێنجشەممە کاتژمێر 9:00ـی شەو لە شاشە و پلاتفۆڕمەکانی دامەزراوەی کوردستان24 بڵاودەکرێتەوە و لە هەر بەرنامەیەکدا باس لە بابەتێکی گرنگ و گەرماوگەرمی رۆژ دەکات و وەڵامی پرسیارەکانی دەبێت و نابێتی ئەو پرسانە دەداتەوە کە لای هاووڵاتییان جێگەی پرسیار و وردبوونەوەیە.

رۆژی (23ـی تشرینی دووەمی 2023) یەکەم بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان، بە میوانداریی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد و د. ئیدریس کاریتانی پێشکەش کرا کە تەوەری بەرنامەکە باسکردن بوو لە دۆخی غەززە و هاوکاریکردن و پشتیوانی فەڵەستینییەکان لە روانگەی شەریعەتی ئیسلامەوە لەلایەن موسوڵمانان و گرووپە ئیسلامییەکانی وڵاتانی دیکەوە.

بەرنامەی دووەم لە رۆژی (30ـی تشرینی دووەمی 2023) تایبەت بوو بە دۆخی کەرکووک و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە ماوەی 18 ساڵە ئەنجام نەدراوە، بە میوانداریی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق پێشکەش کرا.

بەرنامەی سێیەم لە رۆژی (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) تایبەت بوو بە پرسی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە میوانداریی فایەق گوڵپی و ئاری هەرسین پێشکەش کرا.

چوارەمین بەرنامەش رۆژی (14ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی ئێکس لەگەڵ کۆڤان، تایبەت بوو بە پرسی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانکردن لە رۆژنامەنووسان و رێکخستنەوەی کاری میدیایی، بە میوانداریی دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەحمان غەریب، سەرۆکی رێکخراوی میترۆ پێشکەش کرا.

پێنجەمین بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2023) تایبەت بوو بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی کۆتای پێکهاتەکان، بە میوانداریی لوقمان وەردی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش

شەشەم بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان لە رۆژی (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) بە میوانداریی مامۆستا شەماڵ سەباح، مامۆستای ئایینی و رێبەر رۆستەم، شارەزا کە ئەستێرەناسی باس لە پێشبینیکردن بۆ داهاتوو لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە کرد و وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری ناڕوون لەو بوارە دایەوە.

حەوتەم بەرنامەی ئێکس لەگەڵ کۆڤان لە رۆژی یەکشەممە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) باسی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی کرد بۆ پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی شارەکە و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە میوانداریی کاوە ئەحمەد، کادری پێشکەوتووی پارتی و شێرزاد سەمەد، بەرپرسی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی.