گرانیی خواردن و سووتەمەنی هاووڵاتیانی ئەوروپا و رووسیا و تورکیای بێزارکردووە

پەیامنێرانی  کوردستان24 لە جیهاندا
پەیامنێرانی کوردستان24 لە جیهاندا

K24-هەولێر:

نرخی خواردن و کەلو پەل و سووتەمەنی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەهۆی جەنگی حەماس و ئیسرائیل، رووسیا و ئۆکرانیا بەرزبوونەتەوە و، خەڵکی ئەو وڵاتانە ناڕازین لەو هەڵاوسانە بەرزەی رووی لە وڵاتەکانیان کردووە و حکومەتەکانیش ناتوانن چارەسەری ئەو هەموو قەیرانە بکەن کە روویان تێدا دەکات.

پەیامنێرانی کوردستان24 لە سوێد و بەلژیکا، لەندەن و مۆسکۆ و ئەنقەرە، باس لە گرانبوونی خواردەمەنی و سووتەمەنی دەکەن لەو وڵاتانە کە بۆتە هۆی ناڕەزایی خەڵکی.

خۆشەوی محەمەد پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ  رایگەیاند: رووسیا وەک یەکێک لەو وڵاتانەی سەبەتەی خۆراکیی جیهانی ناوزەد دەکرێت، بەهۆی ئەو جەنگەی نزیک بە دوو ساڵە لەنیوان رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، وایکردووە کە هۆکارەکانی گواستنەوە کێشەیان بۆ دروست ببێت، دەڵێت: رووسیا کە بەرهەمهێنەرێکی گەورەی دانەوێڵەیە، بەتایبەتیش گەنم، میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردۆتەوە رێژەی کەلوپەلی خۆراک بەرێژەی 30٪ بەرزبۆتەوە، جۆرێک ئارد کە بۆ کێک و شیرینیەکان بەکاردێت، دوو بەرابەر بەرزبۆتەوە، کیلۆیەک لەو ئاردە پێشتر بە 25 روبڵ بوو، ئێستا بۆتە 50 روبڵ لەگەڵ ئەوەی بەهای روبڵی رووسی دابەزیوە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.

پەیامنیری کوردستان24 لە رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، نرخی هێلکەش بەرزبۆتەوە، لە سۆشیال میدیا خەڵکی گاڵتە دەکەن بەوەی وڵاتەکەیان دووچاری قەیرانی هێلکە بۆتەوە.

هەر لەبارەی گرانبوونی کەلوپەلی خۆراک و زەحمەتبوونی ژیان لەو وڵاتانە، ئەفسانە شامحەمەدی، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کرد، نانێک بووە بە 10 لیرە لە تورکیا ، ئەوەش فشارێکی زۆری بۆ ئەو هاووڵاتیانە دروستکردووە کە مووچەکانیان کەمە، رێژەی قەرزی هاووڵاتیانیش لە رێگەی کارتی بانکیەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە و بووە بە 2.5، واتە هاووڵاتیان لەرێگەی کارتی بانکیەوە، نزیکەی یەک ترلیۆن قەرزیان کردووە، ئەفسانە پێی وایە، فشاری ئابووری وایکردووە هاووڵاتیان ئەو قەرزە بکەن، جگەلەوەی سوو دەچێتە سەر قەرزەکانیان، هەر ئەو دۆخە ئابوورییە خراپەیە کە وایکردووە ئێستا  وەبەرهێنەران روونەکەنە تورکیا، سەرباری بێکاریی زۆر، خەمی نانیش بۆتە خەمی سەرەکی، بەتایبەت ئەوانەی خێزانی گەورەن.

ئاوارە هەورامی لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند: نرخی خواردەمەنی لە سوێد دوو بەرابەر زیادیکردووە، قوتویەکی دۆشاوی تەماتە کە بە کرۆنێک بوو، ئێستا بووەتە سێ کرۆن، دەڵێت: ئەو گرانبوونەش تەواوی کەلوپەلەکانی خواردەمەنی گرتۆتەوە، چ ئەوانەی لەناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن، چ ئەوانەی لە دەرەوە دەهێنرێنە سوێد، نرخی یەک نان بۆتە دۆلارێک.

ئاوارە ئاشکرایکرد، شارەزایانی بواری ئابووری ئاماژەیان بەوە کردووە، نرخەکان کە زیاد لە 50% بەرز بۆتەوە، زیاتر بەرزدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی باجیش لەسەر هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بەرزکراوەتەوە و، نرخی سووتەمەنی زیادیکردووە، هاوکات کرێی خانووش لە ساڵی تازەدا 30% بەرز بۆتەوە لەگەڵ نرخی ئاو و ئاوەڕۆش کە زۆر زیادیان کردووە.

پەیامنێری کوردستان24 لە سوێد دەڵێت: لەبەر ئەوەی مووچە بۆ مووچەخۆران زیاد نابێت لە سوێد، بۆیە هاووڵاتیانی سوێد ناچارن کاری دیکەش بکەن.

بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 لە برۆکسڵ رایگەیاند: بەهۆی کۆرۆنا و شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، لە بەلژیکا و بەتایبەت برۆکسڵ سەموونێک بە 90 سەنت بوو، ئێستا بۆتە دوو یۆرۆ و، دوو یۆرۆ و نیو، واتە دوو ئەوەندە نرخەکەی زیاد بووە، دەشڵێت: بەرامبەر بە دیناری عێراقی، سەموونێک لە برۆکسڵ بە زیاتر لە سێ هەزار دینارە، بارزان ئاماژە بەوە دەکات، نەوەک هەرخواردن، بەڵکو سوتەمەنی و کەلوپەلی دیکەی پێویست دوو ئەوەندە زیادیکردووەو، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایان کردووە، ئەوروپا دووچاری هەڵاوسان بووە، بەڵام رایانگەیاندووە پلانی دوور و نزیکیان هەیە بۆ ئەو قەیرانانەی دووچاریان دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دلۆڤان عیمادەدین پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەند رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا  لە 11% بوو، کەمبۆتەوە بۆ 3.9٪ بەڵام هێشتا کەلوپەل گرانە،  ئاری کوردێکی خاوەن مارکێتێکە لە لەندەن، بۆ کوردستان24دەڵێت: پێشتر نانێک بە 2.49 پاوەن بوو، ئێستا بووەتە 2.80 پاوەن، زەیت مانگێک پێش ئیستا بە 5.99 پاوەن بوو، ئێستا بووە بە 6.99 پاوەنە، گۆشتیش لە100% نرخی بەرزبۆتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کە خەڵکی هەراسان  و بێزار کردووە، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرایکرد، گەرمکەرەوەی ماڵان، بە یەک کاتژمێر هەڵگیرساندنی 90 پێنست دەڕوات کە نزیکەی یەک دۆلارە، ئەوە وای کردووە خەڵکی لەنێوان خواردەمەنی و گەرمکەرەوەکان تەنها یەکیان هەڵبژێرێت بە ناچاری.