ئالپئارسڵان بایراکتار: لەگەڵ هەولێر و بەغدا لەسەرهێڵین بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت

ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا
ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا

K24 - هەولێر:

وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، هانی هەولێر و بەغدا دەدەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن و جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی کانوونی دووەمی 2024) ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بۆرییە نەوتەکان ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتن، بەڵام تا ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە.

وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، گوتیشی: هیچ بەربەستێکی تەکنیکی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتدا نییە، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرسە، تا ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە.

ئالپئارسڵان بایراکتار، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هانی هەولێر و بەغدا دەدەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن و جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

لە رۆژی (25ـی ئاداری 2023) هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە، لە کاتێکدا چەندین جار بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، بۆری هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە، سەرجەم لایەنەکان ئامادەییان بۆ هەناردەکردن راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەکە بە وەستاوی ماوەتەوە.