پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و کۆدەنگی لەسەر کاندیدێک بۆ شوێنگرتنەوەی حەلبووسی نییە

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

پرسی یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و بڕیارە کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە (13ـی کانوونی دووەمی 2024) دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بێت بەو پرسە، بەڵام تاوەکو ئێستا چ لە ئاستی لایەنەکانی پێکهاتەی سووننە و چ لە ئاستی لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکانی دیکە، کۆدەنگی نییە لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە.

لەسەر ئاستی پێکهاتەی سووننە، سێ کاندید بەشێوەیەکی گشتی بۆ شوێنگرتنەوەی حەلبووسی ناویان هاتووە بەڵام پێدەچێت بەهۆی ئەو رێککەوتنەی لە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی تەقەدووم و سیادە کرا، کە هەریەکە لە محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر راسپێدران بۆ یەکلاییکردنەوەی دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەوا لە کۆتاییدا تەنیا دوو کاندید بمێنێتەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن، ئەوانیش کاندیدانی تەقەدووم و هاوپەیمانی عەزم بێت.

یەکەم: شەعلان کەریم

کاندیدی حزبی تەقەدوومە و لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە (11ـی کانوونی دووەمی 2024) بە فەرمی بۆ شوێنگرتنەوەی حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەلایەن سەرکردایەتی حزبەکەیەوە دەستنیشانکرا.

شەعلان عەبدولجەبار کەریم، لە دایکبووی ساڵی 1967ـە لە ناحییەی دیجلەی قەزای سامەڕا لە پارێزگاقی سەڵاحەددین، هەروەها یەکێکە لە شێخەکانی عەشیرەتی ئەلبوعیسا، لە ساڵی 2010ـەوە وەکو پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە لە لیستە سوننییەکان، ئێستاش سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانی سیادەیە لە پەرلەمانی عێراق.

دووەم: سالم عیساوی

پێشتر وەک بەهێزترین کاندید ناوی دەهات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە شوێنی حەلبووسی، کە ماوەی دوو خولە لەسەر یەک ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و پێشتریش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بووە و ئێستاش وەک کاندیدی هاوپەیمانی سیادە سوورە لەسەر خۆکاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ناوی تەواوی سالم مەتەڕ عەبد حەسەن عیساوییە و لەدایکبووی ساڵی 1972ـی پارێزگای ئەنبارە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە و ئێستا یەکێکە لە سیاسییە دیارەکانی سووننە، هەرچەندە هیچ یەکێک لە لایەنەکانی دیکە ڤیتۆیان لەسەر دانانی نییە لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵام کۆدەنگیشی لەسەر نییە لەنێو لایەنە سووننەکان و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق.

سێیەم: مەحموود مەشهەدانی

مەحموود مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی عەزمە و لەلایەن لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتیوانی دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی حەلبووسی، بەڵام بە هەموو شێوەیەک لەلایەن هاوپەیمانی سیادەوە رەتدەکرێتەوە کە نوێنەرایەتی زۆرینەی سووننەکان دەکەن لە پەرلەمانی عێراق.

مەحموود مەشهەدانی (لەدایکبووی 1948) یەکەم سەرۆک پەرلەمانی عێراق بووە لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2006 تا کۆتایی ساڵی 2008. دەرچووی کۆلیژی پزیشکییە لە ساڵی 1966 و وەک پزیشکێک لە سوپای پێشووی عێراق خزمەتی کردووە.

مەشهەدانی چەندین جاری دیکەش هەوڵیداوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، دوایین جار لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا رکابەری حەلبووسی کرد و جیاوازی دەنگەکانیشیان زیاتر لە 180 دەنگ بوو.

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزیی یاسایی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، وابڕیارە لە دانیشتنی رۆژی شەممە (13ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانەوە بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی شەممەی راگەیاند کە تەنیا خاڵێک لەخۆدەگرێت ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانە.

ئەگەرچی بە ئاشکرا ئەو لایەنانەی کە فراکسیۆنیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، هەڵوێستی کۆدەنگییان نییە لە پشتیوانیکردن لە هیچ کاندیدێک بەڵام ئەوەی یەکلایی بووەتەوە کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی لە پێکهاتەی سووننەکانە و لایەنە سوننییەکانیش تاوەکو ئێستا لەنێو خۆیاندا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێشکەشکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە.

رۆژی هه‌ینی (12ـی كانوونی دووه‌می 2024) خالید دبوونی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی موته‌حیدون به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، نێوماڵی سوننه‌ له‌نێو خۆیاندا یه‌ك بۆچوونیان نییه‌ له‌باره‌ی پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و نه‌یانتوانیوه‌ یه‌ك كاندیدی هاوبه‌ش پێشكەش‌ بكه‌ن.

پێشتریش چەند جارێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەوڵیدا دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدات بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی لایەنەکان و رێکنەوکەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە و سەرقاڵییان بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پشووی یاسایی پەرلەمانەوە، ئەم پرسە بۆ ئێستا دواخرا.

هەڕەشە لە شەعلان کەریم دەکرێت

پەرلەمانتارێکی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان هەڕەشە لە کاندیدی حزبی تەقەدووم دەکات لەنێو پەرلەمان دەنگ لەدژی کۆبکاتەوە و رێگەنەدات ببێتە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئەوەی لە پارچەڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیکەی عەرەبی سووننەکان، ستایشی سەرۆکی لەسێدارەدراوی پێشووی عێراق دەکەن.

یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە بەهۆی ئەو هەڵوێستەی شەعلان کەریمەوە هەوڵدەدات لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر تۆماربکات و لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق دووری بخاتەوە.

هەڵوێستی کورد لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

چەندین جار بارەگای بارزانی لەبارەی دیاریکردنی شوێنگرەوەیەک بۆ محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوە پێویستە پێکهاتەی سووننە بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی کاندیدێک بدەن بۆ ئەو پۆستە لەبەرئەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشکی ئەو پێکهاتەیەیە.

رۆژی (23ـی تشرینی دووەمی 2023) خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مافی پێکهاتە سووننەیە؛ سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە هەر كاندیدێك كە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، پێویستە كۆدەنگی یان رەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سووننەكانی ناو پارلەمانی عێراقی لەسەر بێت".

کەچی بەشێک لە سەرکردە سووننەکان بە گومانەوە باس لەوە دەکەن، ئەگەر یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ببرێتە نێو هۆڵی پەرلەمان، کە زۆرینەی پەرلەمانتارانی لە چوارچێوەی هەماهەنگین ئەوا دوور نییە، پەرلەمانتارانی یەکێتیش دەنگ بەو کاندیدە بدەن کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتیوانی دەکرێت.

هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی

سەرکردەیەکی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بەدووری دەزانێت لە دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كلایی ببێتەوە بەهۆی ئەوەی لایەنە سووننەکان زیاتر لە کاندیدێکیان هەیە بۆ شوێنگرتنەوەی حەلبووسی.

محه‌ممه‌د به‌یاتی، سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاماژەی بەوەکردووە، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق پشكی پێكهاته‌ی سووننه‌کانە‌ و سێ كاندیدیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌، هاوکات لایەنە شیعه‌كانیش لەبارەی ده‌نگدان له‌سه‌ر كاندیدێكی دیاریكراو رێكنه‌كه‌وتوون به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

هەرچەندە هەموو لایەنەکان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پێکهاتەی سووننەیە بەڵام بەهۆی دابەشبوونی لایەنە سووننەکان و نزیکی هاوپەیمانی عەزم لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبتیش لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

دوورخستنەوەی حەلبووسی

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا. لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نیشاندا و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

محەممەد حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ـی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.

هەروەها رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، بە نووسراوێک داوایەکی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی محەممەد حه‌لبووسی رەتکرایەوە کە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تۆمەتی پەیوەندی و پێدانی پارە بە کۆمپانیایەکی بیانی ئاراستەکرا کە ئەو کۆمپانیایە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش کە لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەچوو، حزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی حەلبووسی بەتایبەتی لە بەغدا و ئەنبار دەنگێکی زۆری هێنا و وەک هێزی یەکەم لەسەر ئاستی لایەنەکانی پێکهاتەی سووننە مایەوە.