لە پەیمانگەکانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە دەوام دەستپێدەکاتەوە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردە داوا لە مامۆستایانی سەرجەم پەیمانگەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، قەزای کۆیە دەکات رۆژی یەکشەمە دەست بە دەوامی فەرمی بکەنەوە.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی لەسەرە، تێیدا هاتووە؛ هەموو لایەکمان درک بەوە دەکەین کە دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی زانست و زانیاری قوتابییان، بە تایبەتی ئەو قوتابییانەی کە دواقۆناغی خوێندنیانە، لە داهاتوودا هەموو لایەکمان بەرپرسیار دەبین سەرەڕای پەرۆشیمان بۆ بارودۆخی سەختی ژیان و گوزەران، بەڵام لە ئێستادا باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ خوێندن.

وەزارەتی پەروەردە داوا لە سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابییانی پەیمانگەکان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، قەزای کۆیە دەکات کە رۆژی یەکشەممە رێککەوتی (14ـی کانوونی دووەمی 2024) دەست بکەنەوە بە دەوامکردن و لەپێناو بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی خوێندن و رۆڵی مامۆستایان کرد و رایگەیاند، مامۆستایان مافی خۆیانە لە سەرەتای هەر مانگێکدا مووچەکانیان بۆ دابنین بکرێت و روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە و مامۆستایانیش تەنیا توێژنین بەڵکو هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکە مووچەکانیان دواکەوتووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگی رۆڵ و پێگەی مامۆستایان کرد و گوتی، رێزێکی زۆرمان بۆ ئەرک و زەحمەتییەکانی مامۆستایان هەیە. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کاری باشی کردووە بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی.

هەروەها چەندین جاریش یەکێتی مامۆستایانی کوردستان راگەیاندبوو، دواکەوتنی مووچە کاریگەرییەکی خراپی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە، هەمووان لەسەر ئەو بابەتە ناڕازین، بەڵام بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان چارەسەر نییە، بەڵکو کاریگەری نەرێنی دەبێت، لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانە حکومییەکان داخراوە، بەڵام لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەوام دەکرێت، کە منداڵی زۆربەی بەرپرسەکان لەو قوتابخانانە دەخوێنن، لانی کەم دەبوایە دەرگای قوتابخانە حکومییەکان بکرابانەوە و کتێب دابەشکرابان، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ قوتابیان لە ماڵەوە بخوێنن.

٦ئ