9 سەربازی تورکیا کوژران

K24 – هەولێر

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر بنکەکەیەکی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان، نۆ سەربازی تورکیا کوژراون و سوپای تورکیاش چەندین پێگەی پەکەکەی بۆردومان کردووە. بڕیاریشە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئەمنی تورکیا بەسەرپەرشتی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەبچێت.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کرد، چەکدارانی پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکەیەکی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی (چنگ-قفڵ) لە ئەنجامدان نۆ سەرباز کوژراون.

شەوی رابروود لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج سەرباز کوژران و هەشت سەربازیش بریندار بوون. دواتر وەزارەتەکە لە سێ بەیاننامەی دیکەدا ئاشکرای کرد، کە چوار سەربازی بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکان گەیشتە نۆ سەرباز.

دوای هێرشی پەکەکە، سوپای تورکیا چەند بنکە و بارەگایەکی پەکەکەی لە ناوچەکانی مەتینا، خواکوڕک، قەندیل و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە.

هێرشی پەکەکە بۆسەر سوپای تورکیا، لەناوخۆی تورکیا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بە سەرپەرشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەبچێت.

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی دۆلمەباخچە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت و وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، وەزیری ناوخۆ، سەرۆکوەزیرانی تورکیا و بەرپرسی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی تورکیا ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

لەبارەی زیانەکانی پەکەکە وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، 12 چەکداری پەکەکەیان کوشتووە.

دوێنێ هەینی (12ـی کانوونی دووەمی 2024) دژەتیرۆری کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 13:20، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆ بۆردومانی گرووپێکی چەکدارانی پەکەکەی لە دەڤەری بەرگارە لە نزیک گوندی دێرەش لە ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک کردووە و لە ئەنجامی بۆردومانەکە دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەک و تەقەمەنیی چەکدارانی پەکەکە سووتان و دوو چەکداریش بریندار بوون.