ئەمەریکا پێگەکانی حوسییەکانی بۆردوومانکردەوە

ئەمەریکا پێگەکانی حوسییەکانی بۆردوومانکردەوە
ئەمەریکا پێگەکانی حوسییەکانی بۆردوومانکردەوە

K24 - هەولێر

ئەمەریکا جارێکی دیکە پێگەکانی حوسییەکانی لەناو خاکی یەمەن بۆردوومانکردەوە. سێنتکۆمیش دەڵێت، هێرشەکە بە مووشەکی تۆماهۆک ئەنجام دراوە. 

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، بە مووشەکی تۆماهۆک هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی حوسییەکان لەناو خاکی یەمەن کە سیستەمی راداری تێدابووە و، وێرانیان کردووە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش داوە، لە 19ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردووەوە، حوسییەکان کە گروپێکی نزیک لە ئێرانن 28 جار بەبەکارهێنانی مووشک و درۆن هەوڵی گێچەڵپێکردنی کەشتیییە بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور داوە.

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، هێرشی ئەمجارەی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکان لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن بووە و، بەبەراورد بە هێرشەکانی 12ی مانگ، کەمتر توندبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 12-01-2024، ئەمەریکا و بەریتانیا بە هاوکاری وڵاتانی هۆڵەندا، ئوسترالیا، کەنەدا و بەحرەین 60 بنکە و بارەگای حووسییەکانیان لە چوار شارى یەمەن بە 100 مووشەک بۆردوومان کرد. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەى کە حوسییەکان دەیانکردە سەر کەشتییەکانی دەریاى سوور.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە دوای هێرشەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر فەرمانی خۆی، هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی هێرشێک کە بە "سەرکەوتوو" ناویبردووە؛ کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی حووسییەکان لە یەمەن.