لە 25 ساڵی رابردوودا سەدا 97ـی ئاوی دەریاچەی ورمێ وشک بووە

دەریاچەی ورمێ
دەریاچەی ورمێ

K24 - هەولێر

توێژینەوەیەکی زانکۆی سەنعەتیی شەریفی ئاماژەی بەوە داوە، لە 25 ساڵی ڕابردوودا سەدا 97ـی ئاوی دەریاچەی ورمێ وشک بووە و توێژینەوەیەکی زانکۆی تەورێزیش ڕوونیدەکاتەوە، سەدا 84ـی هۆکاری وشکبوونی دەریاچەکە مرۆییە.

لە توێژینەوەیەکی زانکۆی سەنعەتیی شەریفی تاراندا ئاماژە بەوە دراوە، لە 25 ساڵی ڕابردوودا سەدا 97ـی ئاوی دەریاچەی ورمێ وشک بووە. هاوکات بەپێی توێژینەوەکانی زانکۆی تەورێز لە ساڵی 2020دا سەرباری ئەوەی هۆکاری سروشتی کاریگەریی لەسەر وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بووە، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکەی مرۆییە.

لە توێژینەوەکانی زانکۆی تەورێزدا هاتووە، ڕۆڵی هۆکارە سروشتییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لە وشکبوونی دەریاچەکەدا 16 بۆ سەدا 35 و ڕۆڵی هۆکارە مرۆییەکان 65 بۆ 84 لە سەدە.

ڕوونیش کراوەتەوە، سەرەکیترین هۆکاری مرۆیی کە ئەم کارەساتەی بەسەر دەریاچەکە هێناوە، دروستکردنی 23 بەنداوە لەسەر ئەو ڕووبارانەی دەڕژێنە بەستێنی دەریاچەکەوە. هاوکات چەندین هۆکاری مرۆیی دیکەش، لەوانە دروستکردنی پرد و جووتساید لەناو دەریاچەکە، هەروەها پەرەپێدانی 270 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی کاریگەرییان لەسەر وشکبوونی دەریاچەکە بووە.

لەسەدا 51ی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە ڕووبارەکانی جەغەتوو و تەتەهووی پارێزگای ورمێ،  لەسەدا 39ی لە ڕووبارەکانی پارێزگای تەورێز و لەسەدا 11ـی لە ڕووبارەکانی پارێزگای سنەوە دابین دەبوو. ئێستا لەسەر ئەو ڕووبارانە بەنداو دروست کراوە و بۆ دابینکردنی ئاوی شارەکان و کشتوکاڵ و پیشەسازی سوودیان لێ وەردەگیرێت و ئاوەکەیان ناڕژێتە ناو دەریاچەکەوە و ئەوەش سەرەکیترین هۆکاری وشکبوونیەتی.

بەرپرسانی ئێران بەردەوام باس لە پلانی بووژاندنەوەی دەریاچەکە دەکەن، بەڵام ژینگەپارێزان لە ماوەی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوی کۆمەڵێک وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسیان لەوە کرد کە حکوومەت نەک هەر بەنیاز نییە، دەریاچەکە ببووژێنێتەوە، بگرە خەریکە ڕووبەری وشکبووی دەریاچەکە بە مادەیەک دادەپۆشێت بۆ ئەوەی ڕێ لە بڵاوبوونەوەی خاکە سوێرەکەی بگرێت، حکوومەتیش ڕەتیکردەوە کە ئەو کارەی کردبێت و ڕایگەیاند، تەنیا لە 60 مەتری چوارگۆشەدا ئەو مادەیەیان تاقی کردووەتەوە.