بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو: دوو پڕۆژەی جیاواز لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەرپرسی یەکەی "جی ئای ئێس" لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو پڕۆژەی جیاواز لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، پێشەوا بارزان، بەرپرسی یەکەی "ئای ئێس" لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو، بە کوردستان24ی گوت: "لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەت بە سەرچاوەکانی ئاو دراوە، نەک هەر تەنیا ژمارەی پڕۆژەکان لەم کابینەدا، بەڵکو جۆری کوالێتی پڕۆژەکان گۆڕاوە، دوو پڕۆژە ئەنجام دەدرێن کە پێشتر پرۆژەی لەوشێوەیە لە هەرێمی کوردستان نەکراوە".

گوتیشی: "لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو دوو پڕۆژەی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، بە هاوبەشی رێکخراوی یونسێف، ئەم دوو پڕۆژەمان ئەنجامداوە، یەکێکیان پڕۆژەی پاراوتنی ئاوی ژێرزەوی دەستکرد، ئەویش بریتییە لە لێدانی بیری قوڵ و کەم قوڵ، لە ناو دەریاچەی پۆندەکان، بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران، لە رێگەی ئەو بیرانەوە ئاو بچێتە ناو خەزانەکانی ئاوی ژێرزەوی، لە نزیک ئەو بیرانەش بیری چاودێری لێدراوە، بۆ ئەوەی داتاو زانیاری وەرگرین تا چ ئاستێک ئاوی ژێر زەوی بەرز بووەتەوە".

پێشەوا بارزان، راشیگەیاند: "رێگای ستاندارد رێگایەکە بۆ ئەوەی بتوانین سوود لەو ئاوە وەرگرین کە لەکاتی بارانی زۆر، بە رێگای لێدانی بیر بیگوازینەوە بۆ ئەو چینانەی کە ئاوی ژێرزەوی هەڵگرتووە، یا ئەو چینانەی ئاوی ژێرزەوی تێیدا دابەزییوە، ئێمە لە رێگای ئەو بیرانە ئاوی ژێرسەرزەوی بگوازینەوە بۆ خەزانەکانی ئاوی ژێرزەوی، بۆ ئەوەی خەزانەکان پاراو ببنەوە.