رووفاتی 172 ئەنفالکراو دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - گەرمیان

 ئەمڕۆ 13ی کانوونی دووەمی 2024، رووفاتی 172 شەهیدی ئەنفال کە لە پزیشکی دادوەریی بەغدا بوون، رادەستکرانەوە و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری ژمارەیەک لەو شەهیدانە، وەزیری تەندروستی عێراق، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی چەمچەماڵ، دوای دانانی تاجە گوڵینە لەسەر رووفاتەکان بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکران.

لە ساڵی 2019، لەنێو گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە بیابانەکانی پارێزگای سەماوەی عێراق، رووفاتی 172 شەهیدی ئەنفال دۆزرانەوە، کە زۆرینەیان ژن و مناڵ بوون. دواتر رووفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادوەریی عێراق کران و دوای وەرگرتنی نموونەی پشکنینی DNA، ئەمڕۆ رووفاتەکان رەوانەی کوردستان کراون.

رژێمی بەعس بە هەشت قۆناغ و لەژێر ناوی ئەنفال 182 هەزار مرۆڤی كوردی دوای زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانیان زیندە بەچاڵكرد. لە نزیك گرتووخانەی نوگرە سەلمان و بیابانەكانی سەماوە زیاتر لە سەد گۆڕی بە كۆمەڵ هەن، كە هەزاران روفاتی ئەنفالكراوانی كوردی تێدایە.

حكومەتی بەعس لە ژێر ناونیشانی پرۆسەکانی ئەنفال و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەدام حوسێن، سەرۆككۆماری ئەوكاتی عێراق لەنێوان شوبات تاوەكو ئەیلوولی ساڵی 1988 بە هەشت قۆناغ جێبەجێكرد.

قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە 18ی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و ماوەی مانگێكی خایاند، كە دۆڵی جافایەتی، دوکان، چوارتا، قەڵاچوالان و سورداشی گرتەوە.

قۆناغی دووەمی ئەنفال، لە 22ی ئاداری 1988 دەستیپێكرد و ماوەی 10 رۆژی خایاند، سنووری پەلامارەكە ناوچەكانی قەرەداغ، سەنگاو، بازیان، عەربەت، نەسر و دەربەندیخانی گرتەوە.

قۆناغی سێیەمی ئەنفال كە بە گەورەترین و سەختترین قۆناغ دادەنرێ،‌ سنووری ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، ئەم قۆناغە لە 7ی نیسانی 1988 دەستیپێكرد و و لە 20ی نیسانی ھەمان ساڵ كۆتایی پێهات. چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، قادر کەرەم، دوز و لەیلانی گرتەوە.

لە قۆناغی چوارمی ئەنفال كە لە 3ی ئایار 1988 تا 8ی ئایاری ھەمان ساڵ بەردەوام بوو، کەرکووک، پردێ، تەقتەق، شوان، تەکیە، کۆیە، شێخ بزێنی، ئاغجەلەر و دەشتی هەولێری گرتەوە.

دواتر قۆناغەکانی ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت لە 15ی ئایاری 1988 دەستیپێكرد و لە 26ی ئابی 1988 كۆتایی پێهات، كە ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی، رواندز، سۆران، وەرتێ، خانەقا، چۆمان، رانیە، قەڵادزێ و بناری قەندیلی گرتەوە.

لە دوا قۆناغیشدا واتە قۆناغی هەشتەم  لە 26ی ئابی 1988دەستیپێكردووە و 11 رۆژی خایاند، كە بادینانی گرتەوە لە  سنووری دھۆك، ئامێدی، ئەتروش، زاخۆ و کانی ماسی.