سوودانی بەڵێنێکی بە شاندی هەرێمی کوردستان داوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی بە شاندی هەرێمی کوردستان داوە، پرسی هەمواری یاسای بودجە بباتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەن.

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: سوودانی بەڵێنی داوە کە بە خێرایی پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند بکرێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "عێراق بابەتی مووچە لە (ئینفاقی فیعلی) دەردەهێنێت و دەیخاتە بودجەی (حاکیمە) لەو بودجەیە ساڵانە 10 ترلیۆن و 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە".

گوتیشی: "ئەو گۆڕانکاریانە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق، لەلایەن دوو لیژنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن، هەموارە ئامادە دەکرێت و دەنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت، دواتر دەنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسند بکرێت".

لە حاڵەتی دواخستنی پڕۆژەی هەمواری یاسایەکە، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای كردووە بۆ ئەم مانگە‌  سولفه‌یه‌ك له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی 2024 بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگەش مووچەی خۆیان وەربگرن،.

ئاراس عەبدوڵڵا، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت: "لێک نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی عێراقە بە گشتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای ئاشتیی و پابەندبوون بە دەستوور".