زانایەک: بەدەستهێنانی خەوێکی قووڵ "بۆتە کانێکی زێڕ" بۆ زۆرێک لە کۆمپانیاکان

K24 - هەولێر

بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "Axios"ـی ئەمەریکی کە بڵاویکردووەتەوە، پرسی دابینکردنی خەوێکی ئاسوودە و قووڵ بووەتە بازرگانییەکی بەناوبانگ کە زۆرێک لە کۆمپانیاکان قازانجیان لێدەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مشتومڕ لەسەر ئیمکانی ئەو تەکنەلۆژیا و ئامرازانەی لە بازاڕەکان و لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنیەکانەوە دەفرۆشرێن دروست کردووە.

بەپێی ماڵپەڕی ئابووری "Crunchbase"، بودجەی سەرمایە بۆ تەکنەلۆژیای خەوتن بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کردووە، کە لە ساڵی 2017 نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی 2021 گەیشتووەتە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار.

زانای دەمارەکانی خەو، ئێلس ڤان دێر هێلم، رایگەیاندووە، گەڕانی خەڵک بۆ چارەسەر بۆ بەدەستهێنانی پشوودان و خەوی قووڵ "بۆتە کانێکی زێڕ" بۆ زۆرێک لە کۆمپانیاکان.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو زانایە گوتی: زۆر کۆمپانیا هەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بەرهەمەکانیان کوالێتی خەو باشتر دەکەن، بەڵام زۆرێک لەو تەکنیکانە بازرگانین و بێ کەڵکن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەکی دیکەوە پارەی زیاتر لە جاران دەچێتە بەرهەمە زانستییەکانەوە.

بەپێی راپرسییەکی ساڵی 2023 کە لەلایەن ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ پزیشکی خەو ئەنجامدراوە، زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەمەریکییەکان ئامێری ئەلیکترۆنییان بەکارهێناوە بۆ چاودێریکردنی خەویان، زۆربەی ئەم کەسانە داتای شوێنپێهەڵگرتنیان بە بەسوود زانیووە و بەهۆیەوە رەفتارەکانیان گۆڕی.

بەپێی گۆڤاری "تایم"ـی ئەمەریکی، بەهای پیشەسازی دۆشەک لە ئەمەریکا لە ماوەی ساڵی 2015 تا 2020 دوو هێندە زیادی کردووە، چونکە لە هەشت ملیار دۆلارەوە بۆ 16 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

هەروەها بەرهەمەکانی تریش بڵاوبوونەتەوە، وەک رووناککەرەوەی کاتی کە لە کاتێکی دیاریکراودا دەکوژێتەوە و داگیرسێنێت، هەروەها گەرمکەرەوە، تەواوکەری خۆراکی و چا کە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکەن، یارمەتی هێورکردنەوەی دەمارەکان دەدەن و خەوی ئارامیان بۆ دابین دەکەن.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری پزیشکی سەنتەری خەو لە داکۆتای باکوور، سیما خوسلا، روونیکردەوە کە خەڵک لە کۆمەڵگەی ئەمەریکادا زیاتر باوەڕیان بە "بازرگانی خەو" کردووە.

بەڵام سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم تەکنەلۆژیایانە، دیێر هێلم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە "پێویست بە کڕینی ئامێرە گرانبەهاکان ناکات"، دەشڵێت: "پاراستنی پلەی گەرمی ئارام و فێنک لە ژووری نوستن، لە کەشێکی تاریکدا، یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی خەوێکی قووڵ و ئارام."

دەشڵێت: "گرنگە راستەوخۆ دوای لە خەو هەڵسان خۆت بخەیتە بەر رووناکییەکی گەشاوە بۆ ئەوەی جەستەت لەوە تێبگات کە رۆژەکەت دەستیپێکردووە، بەو هۆیەوە تۆش پێویستیت بە کڕینی ئامێری رووناکی کاتی نابێت".

پزیشکی پسپۆڕ ئامۆژگاری "رێگەیەکی هەرزان" دەکات بۆ باشترکردنی خەو، روونیدەکاتەوە، "دەفتەرێک یان فایلێک لە مۆبایلەکەتدا هەڵبگرە بۆ ئەوەی شتێکی وەک رۆژنامەی یاداشت تۆماربکەیت، کە ژمارەی جارەکانی شەوانە لە خەو هەڵدەستیت، هەروەها ئایا هیچ هۆکارێک هەیە یان نا"، بەرکەوتن بەو شتە دەبێتە هۆی خەوێکی باشتر یان خراپتر.