ئەمساڵ زۆرترین قوتابخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر دروست دەکرێن

K24 - هەولێر

لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە لە پارێزگای هەولێر دروست دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.1.14، لەسەر راسپاردەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوە گرنگیدانى کابینەی نۆیەم بە کەرتى پەروەردە و فێرکردن، کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیری پەروەردە و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە پلان و ئەنجامدانى پڕۆژەى دروستکردنی چەندین قوتابخانە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەرێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا لە چوارچێوەى ئەو ئامادەکارى و پلان و بەرنامەیەى بۆ ئەمساڵ "2024" لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و پارێزگاى هەولێر داڕێژراوە، بڕیاردرا بە دروستکردنى ژمارەیەکى زۆرى قوتابخانە بەپێى ئەو نەخشە و کوالێتیه‌ى دیارى کراوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە تایبەتى لەو ناوچە و گەڕەک و شوێنە هەژارنشینانه‌ى كه‌ پێویستن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر راسپاردەى سەرۆکى حکومەت و ئه‌وله‌ویه‌تی کارى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرایەوە، لە برەودانى زیاتر بەکەرتى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان بەگشتی و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى، هەروەها دەستپێشخەرى و هەنگاوەکانى ئەو وەبەرهێنەر و خێرخوازانەش بەرز نرخێندرا کە لەساڵانى رابردوودا هاوکار و یارمەتیدەر و هەماهەنگکارى حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونە لە ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش و دروستکردنى قوتابخانە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە د. ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و د. محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگاری هەولێر بەرێوەچوو.