کونسوڵی گشتی چین: جەخت لە چارەسەری "یەک وڵات و دوو سیستەم" دەکەینەوە بۆ پرسی تایوان

کونسوڵی گشتی چین لە هەولێر، لیو جیون
کونسوڵی گشتی چین لە هەولێر، لیو جیون

K24 – هەولێر

کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان، لیو جیون لە سەر پرس و چارەنووسی تایوان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 رۆژی یەکشەممە لە هەولێر باسی هەڵوێستی وڵاتەکەی دەکات و جەخت لە سەر یەکگرتنەوەی ئاشتیانەی تایوان لەگەڵ چین بە دوو سیستەم دەکاتەوە.

هه‌ڵویستان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن لە هەرێمی تایوان چییه‌؟

دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی و ئه‌نجوومه‌نی یاسادانانی تایوان ئاشکرای دەکات، پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکرات ناتوانێت نوێنەرایەتی رای گشتی و سەرەکی ئەو دوورگەیە بکات. تایوان، بەشێکە لە چین، هەڵبژاردنەکان ریشە و رەوتی گەشەسەندنی جووڵە و پەیوەندیی گەرووەکان ناگۆڕێت، لە سەرتاسەری تایوان گۆڕانکاری لە خواستی هاوبەشی هاووڵاتییان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نزیکتر ناکات، رێگریش لە هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی چین ناکات.

پرسی تایوان کاروباری ناوخۆیی چینە. هەر گۆڕانکارییەک لە تایوان بکرێت، ئەو راستییە ناگۆڕێت، کە تەنیا یەک چین لە جیهاندا هەیە و تایوان بەشێکە لە چین؛ هەڵوێستی حکومەتی چین لە بەرزڕاگرتنی بنەمای یەک چین و دژایەتیکردنی "سەربەخۆیی تایوان" یان "دوو چین" و "یەک چین، یەک تایوان" ناگۆڕێت؛ کۆدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەر بەرزڕاگرتنی بنەمای یەک چین و پابەندبوونی تەواو و درێژخایەنی بەم بنەمایە ناگۆڕێت. بنەمای یەک چین، بناغەیه‌كی تۆکمەی ئاشتیی و سەقامگیرییه‌ لە گەرووی تایوان. ئێمە بڕوامانوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە بنەمای یەک چین، لەمەش تێده‌گات و پشتیوانی لە دۆزی دادپەروەرانەی گەلی چین بۆ دژایەتیکردنی چالاکییە جوداخوازەکانی "سەربەخۆیی تایوان" و هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەی نەتەوەیی ده‌كات.

چۆن سەیری سەروەریی خاكی چین و تایوان دەکەیت؟ بنەمای یەک چین چییە و هەڵوێستی چین لەسەر پرسی تایوان چییە؟

لە جیهاندا تەنیا یەک چین هەیە. تایوان بەشێکی دانەبڕاوی خاکی چینە. حکومەتی کۆماری میللی چین، تاکە حکومەتی یاساییە نوێنەرایەتی تەواوی چین دەکات.

چینییەکان لە هەردوو دیوی گەرووی تایوان دەژین، هەمان رەچەڵەک و ریشە و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیییان هەیە. ئێمە ئەندامی هه‌مان خێزانین، هاوبەشی پەیوەندی خوێنین، هاوبەشی نەتەوەیی و کولتووری چینێکی زگماکییە، کە لەلایەن کەس و هیچ هێزێکەوە ناگۆڕدرێت. لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٨٩٤ ژاپۆن شەڕی دەستدرێژی دژی چین دەستپێکرد. لە نیسانی ساڵی ١٨٩٥ حکومەتی دۆڕاوی چینگ ناچاربوو دەستبەرداری تایوان و دوورگەکانی پێنگو بۆ ژاپۆن ببێت. لە پەیماننامەی قاهیرە، کە لە 1ی کانوونی یەكەمی ساڵی 1943 لەلایەن چین و ئەمریکا و بەریتانیا دەرچوو، تێیدا هاتووە، ئامانجی ئەو سێ هاوپەیمانە ئەوەیە هەموو ئەو خاکەی ژاپۆن لە چینی دابڕیوە، وەک باکووری رۆژهەڵاتی چین، تایوان و دوورگەکانی پێنگو، پێویستە بیانگەڕێنێتەوە. لە کۆنفرانسی پۆتسدام، کە لە ٢٦ی تەمموزی ١٩٤٥ لەلایەن چین و ئەمریکا و بەریتانیا واژۆکرا و دواتر لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دانیپێدانرا،  دووپاتیکردەوە: " پێویستە مەرجەکانی پەیماننامەی قاهیرە جێبەجێ بكرێن". لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا، ژاپۆن بەڵگەنامەی خۆڕاده‌ستكردنی واژۆکرد و بەڵێنیدا بە دڵسۆزییەوە ئەو ئەرکانەی لە کۆنفرانسی پۆتسدامدا هاتووە جێبەجێیان بكات. لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا حکومەتی چین رایگەیاند، دەست دەکاتەوە بە جێبه‌جێكردنی سەروەریی بەسەر تایواندا و رێوره‌سمی پەسەندکردنی خۆڕاده‌ستكردنی ژاپۆن لە پارێزگای تایوان لە شانۆی جەنگی چینی زلهێزەکانی هاوپەیمانان‌ لە تایبەتی بەڕێوەچوو. لەو ساتەوەختەوە، لە رێگای کۆمەڵێک بەڵگەنامە، کە کاریگەری یاسایی نێودەوڵەتییان هەیە و ئەمری واقیع، چین توانی تایوان وەربگرێتەوە.

هەرچەندە هێشتا هەردوو دیوی گەرووی تایوان یەکیان نه‌گرتۆتەوە‌، بەڵام سەروەریی و خاکی چین هەرگیز دابەشنەبووە و ئەو راستییەی چین و تایوان سەر بە یەک چینن هەرگیز نەگۆڕاوە. بنەمای یەک چین بریتییە لە بناغەی سیاسی پەیوەندییەکان لە نێوان گەرووەکان. یەکگرتنەوەی گەرووەکان هەوڵێکی مێژووییە و ئاراستەیەکی دروستە. ئێمە ئامادەین كه‌شێكی فراوان بۆ یەکگرتنەوەی ئاشتیانە بڕەخسێنین، بەڵام هیچ رێگایەك بۆ هیچ جۆرە چالاکییەکی جیاکاری ناهێڵین.

لە کاتێکدا چین مەشقی سەربازی جۆراوجۆر لە گەرووی تایوان ئەنجام دەدات، هەندێک وڵات بانگەشە دەکەن، چین هێز بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا لە گەرووی تایوان، راتان لەسەر ئەمە چییە ؟

دۆخی ئێستا لەسەر پرسی تایوان چییە؟ راستییەکان روونن، ئەمەش ئەوەیە هەردوو دیوی گەرووی تایوان سەر بە یەک چینه‌ و تایوان بەشێکە لە خاکی چین. سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە رووی سیاسییەوە دژی یەکتر بوون، بەڵام سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی چین هەرگیز دابەشنەبووە. ئەمە دۆخی راستەقینەی گەرووی تایوانە، کە لە کۆنەوە نەگۆڕاوە و ناگۆڕێت. دەبێت چین یەكبگرێتەوە و یەکدەگرێتەوە، ئەمەش داهاتووی تایوانە.

کێ هەوڵدەدات ئەم دۆخەی ئێستا بگۆڕێت؟، مەبەستیان چییە؟، من بڕواموایە هەموو کەسێک دەتوانێت زۆر بە روونی بیبینێت. هەر کەسێک بەردەوام بێت لە پێشخستنی "سەربەخۆیی پلە بەپلە" و جەخت لەسەر (نه‌هێشتنی تایبه‌تمه‌ندی چینی) و هەوڵدان بۆ دروستکردنی بڕوایەكی ناڕاست لە بوونی "دوو چین" یان "یەک چین، یەک تایوان" لە جیهاندا، ئەوە هەوڵی گۆڕینی دۆخی ئێستا دەدات.

کێ هەوڵدەدات ئەم دۆخەی ئێستا بگۆڕێت؟ بە دڵنیاییەوە خاكێک نییە، بەڵکو جوداخوازانی "سەربەخۆیی تایوان"ـە، کە ماوەیەکە هەوڵ بۆ "سەربەخۆیی پلە بەپلە" و "نەهێشتنی تایبەتمەندی چین" دەدەن، هەوڵدەدەن ئەو کاریگەرییە چەواشەکارییەی "دوو چین" یان "یەک چین، یەک تایوان" بڵاو بکەنەوە.

هەندێک وڵات بانگەشە دەکەن، چین هەوڵدەدات بە زەبری هێز یەکگرتنەوەی تایوان خێراتر بکات. راتان لەسەر ئەمە چییە؟

وەڵام: چارەسەرکردنی پرسی تایوان و بەدیهێنانی یەکگرتنەوەی تەواوەتی چین، ئەرکێکی مێژوویی پارتی كۆمیۆنیستی چینە. بۆ بەدیهێنانی نوێبوونەوەی چین پێویستە. هەروەها خواستێكی هاوبەشی 1.4 ملیار هاووڵاتی چینییە دەبێت یەكبگرێتەوە، ئەمە رێچکەیەکی مێژووییە ناگۆڕدرێت. یەکگرتنەوەی نیشتمانی بە رێگای ئاشتیانە بژاردەی یەکەمی پارتی کۆمیۆنیستی چین و حکومەتی چینە بۆ چارەسەرکردنی پرسی تایوان، ئەمەش باشترین خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی چین بە گشتی و هاونیشتمانیان لە تایوان بەتایبەت دەگەیەنێت، باشترین كارە  بۆ سەقامگیریی و گەشەسەندنی درێژخایەنی چین. ئێمە پابەندین بە بنەماکانی یەکگرتنەوەی ئاشتیانە و یەک وڵات، دوو سیستەم.

کاتێک یەکگرتنەوەیەکی ئاشتیانە لە ژێر یەک وڵات و دوو سیستەم بەدەستهات، ئەوە بناغەیەكی نوێ بۆ چین دادەنێت بۆ ئەوەی پێشکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت و دەبێتە نیشتمانێکی نوێ. لە هەمانکاتدا دەرفەتی گەورە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە تایوان دەڕەخسێنێت و سوودێکی باشتر بۆ خەڵکی تایوان دەهێنێت.

بەڵام هەمیشە هەندێک کەس هەن، لێکدانەوەی هەڵە بۆ بنەما و سیاسەتەکانی چین دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسی تایوان و بەدەستهێنانی یەکگرتنەوەی نیشتمانی، بەردەوام زێدەڕۆیی لە بانگەشە بۆ "هەڕەشەی سەربازی چین" و "پلانی یەکگرتنەوەی زۆرەملێ" دەکەن. ئەوان لە راستیدا بیانوو دەهێننەوە بۆ هەوڵەکانیان بۆ فراوانکردنی چەک و پاراستنی هەژموونی سەربازی و تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و رێگا دەدۆزنەوە بۆ پشتیوانیکردن لە "سەربەخۆیی تایوان" و بەکارهێنانی تایوان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چین. هێزەکانی "سەربەخۆیی تایوان" بە هاندانی و پاڵنەری ئەو جۆرە هەڵانە، زیاتر پەرەیان سەندووە و زیاتر و زیاتر بە رێگای "سەربەخۆیی تایوان"دا دەڕۆن و پێچەوانەی یەکگرتنەوەی ئاشتیانەن. تایوان بەشێکە لە چین. بەگوێرەی بنەمای سەروەریی نەتەوەیی، چین مافی خۆیەتی رێکاری جۆراوجۆر بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکەکەی، لەوانە بەکارهێنانی هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە جوداخوازەکان و یەکگرتنەوەی تەواوەتی نەتەوەیی.

هەندێک کەس تایوان بە ئۆکرانیا بەراورد دەکەن و نیگەرانن لەوەی چین دژی تایوان رێگەیەک بگرێتەبەر وەک ئەوەی رووسیا بەرامبەر ئۆکرانیا کردی، رای ئێوە چییە ؟

پرسی ئۆکرانیا لە سروشتدا جیاوازە و بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن. لە بنەڕەتدا تایوان بەشێکی دانەبڕاوی خاکی چینە و پرسی تایوان بە تەواوی کاروباری ناوخۆیی چینە. بەڵام پرسی ئۆکرانیا لە ململانێی نێوان دوو وڵاتەوە سەریهەڵداوە، هەرچەندە هەندێک کەس دەنگیان لەسەر سەروەریی سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا بەرزە، بەڵام بەردەوامن لە تێکدانی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی چین لەسەر پرسی تایوان. ئەمە دووڕوییەکی ئاشکرایە.

هەندێک کەس پاڵنەرێکی نهێنییان هەیە لە بەستنەوەی پرسی تایوان بە قەیرانی ئۆکرانیا و بەنیازی شێواندنی راستییەکانن و دەیانەوێ قەیرانی ئۆکرانیا بە قازانجی خۆیان بیقۆزنەوە و سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ "سەربەخۆیی تایوان" رابکێشن و داکۆکی لێ بکەن.