نەهرۆ رواندزی: نابێت تێچووی دەرهێنانی نەوت لە بەغدا و هەولێر هاوشێوەی یەک هەژمار بکرێت

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، ده‌بێت له‌كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجەدا وشه‌ی ئینفاقی فعلی له‌ یاساكه‌ لاببرێت، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ و پێشێلكارییه‌ به‌رامبه‌ر ماف و شایسته‌كانی خه‌ڵكی هەرێمی كوردستان.

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لە هەشت پاڵاوگەی عێراق تێچووی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت نزیکەی 21 دۆلارە، لە کاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیل نەوتێکی بۆ هەرێمی کوردستان شەش دۆلاری دەستنیشانکردووە، لە کاتێکدا ئەو نرخەی کۆمپانیا بیانییەکان کە کاری دەرهێنانی نەوت دەکەن لە هەرێم 24 دۆلاریان بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک دیاریکردووە، هەروەها پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و لێکتێگەیشتن بکەن لەسەر دیاریکردنی نرخی دەرهێنانی نەوت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بەغدا ناوچەیەکی بیابانە و بە کاتێکی کەم دەتوانرێت نەوت لەژێر خاکەکەی دەربهێنرێت، بۆیە لە هەندێک لە پاڵاوگەکانی تێچووی دەر‌هێنانی نەوت کەمە، چونکە بەرهەمی نەوتەکە زۆرە و بە کاتێکی کەم دەردەهێندرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەرهێنانی نەوت کاتێکی زۆری دەوێت و خاکەکە پێویستی بەوەیە زیاتر قوڵ بکرێت ئەو کاتە بە دڵناییەوە تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت زیاتر دەبێت لەوەی بەغدا.

نەهرۆ رواندزی، ئاماژەی بەوەدا، گەشبینییەک هەیە کە کێشەی تیچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، چونکە وەزیری نەوتی عێراق لە دانیشتنەکانی رابردوو لەگەڵ شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڕوای بەوە هێناوە کە تێچووی دەرهێنانی یەک بەرمیل لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئەگەر هەردوولا بگەنە رێککەوتن ئاوا دواتر دەبێت هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کۆببێتەوە گۆڕانکاری لە نرخی تێچووەکە بکەن و رێکبکەون.

رواندزی، لەبارەی ناردنی قەرز لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: ناردنی ئەو بڕە پارەیە بە شێوەیەکی کاتی دەبێت تاوەکو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن، بۆیە هەردوولا لەسەر ئەوە رژدن کە دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە.

گوتیشی: ده‌بێت له‌كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌ی  یاسای بودجەدا وشه‌ی ئینفاقی فعلی له‌ یاساكه‌ لاببرێت، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ و پێشێلكارییه‌ به‌رامبه‌ر ماف و شایسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.