رێگاکان لە قوڕ و لیتەی دوای باران بارین پاکدەکرێنەوە

دوای بارانی بەخوڕ
دوای بارانی بەخوڕ

K24-هەولێر:

تیمەکانی چاککردنەوەی و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ ئەو شەپۆڵە بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، قوڕ و  لیتە و بەردی زۆر کەوتوونەتە سەر ریگاکان و  دەست بە پاککردنەوە و ڕاماڵینیان کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(14ی کانوونی دووەمی 2024)، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، دوای دابارینی ئەو شەپۆلە بارانەی سنووری پارێزگای هەولێر گرتەوە، دەستکرا بەپاککردنەوە و کردنەوە و ڕاماڵینی بەرد و قوڕولیتە و کردنەوەی ئاوبەر و قەنتەرەکان و پردۆکە و پردەکانی ڕێگا سەرەکیەکانی (باسرمە، شەقڵاوە_هیران، لۆفەکانی ئەسحابە، مەفرەقی سپیلک، ماوەران، لۆفەکانی پیرمام_کۆڕێ، شێخ مەمودیان_زینەتیر، کۆرێ_زیارەت، دوین، کاوانیان_شەقڵاوە، میراوە_شەقڵاوە، ئافریان، سپیلک_قەندیل، بەستۆرە_پیرمام، دەربەندی گۆمەسپان_دێگەلە، هەنارە_بەستۆرە، زرەرەتی_دارەشەکران، بەحرکە_جەژنیکان) لەلایەن تیمەکانی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر.

رۆژانی رابردوو شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت باران بارین زۆربێت و، لە بەهاریش باران بەردەوام بێت.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، وشکە ساڵی زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەوهۆیەوە جوتیاران زیانیان بەرکەوت، لەبارەی رێژەی باران بارین و ئەگەری دووبارە بوونەوەی وشکە ساڵی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشتر رایگەیاند: پێناچێت ئەمساڵ وشكەساڵی ڕووبدات.،باسی لەوەشکرد، کە پێشبینی دەکرێت باران بارین زۆر بێت و دوای وەرزی زستان، بەهارێکی باراناوی، لە هەرێمی کوردستاندا دەستپێبکات.

ڕاماڵین
ڕاماڵین
رێگاکان دوای بارانی بەخوڕ
رێگاکان دوای بارانی بەخوڕ