داڤۆس 2024؛ چۆن شارۆچکە بچووکەکەی سویسرا بوو بە سەنتەری بڕیارەکان؟

داڤۆس - سویسرا
داڤۆس - سویسرا

K24 – هەولێر:

داڤۆس تەنیا شارۆچکەیەکی قەدپاڵی زنجیرە چیاکانی ئەلپ نییە، بەڵكو ساڵانە مەڵبەندی دەرکردنی چەندین بڕیاری سیاسی و ئابووری گرنگە لەلایەن سەرکردەی وڵاتان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خاوەنکاران لە چوارچێوەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان.

بڕیار و گفتوگۆ گرنگ و گەرموگوڕەکان، لەنێو کەشوهەوای سارد و بەستەڵەکی شارۆچکەکەی کانتۆنی گراوباندنی سویسرا لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و خوانی ئێوارانی سەرکردەکان دەدرێن. 

هەرچەندە باسوخواسی زۆر و فراون هەن لەمەڕ چەندین بابەتی جیاواز وەک گۆڕانی کەشوهەوا، ژیری دەستکرد، بەهێزکردنی ئابووری، دەرفەرتی کار بۆ لاوان و چەندین کێشەی دیکەی سیاسی، کە لەنێو هۆڵە رازاوەکاندا ریکدەخرێن، بەڵام دیوێکی دیکەی بابەتەکان لە کۆبوونە داخراو و دووقۆڵییەکان باسیان لێوەدەکرێت.

کۆڕبەندی ئابووریی جیهان، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1971 لەلایەن کلاوس شوابی ئابووریناس و ئەندازیاری ئەڵمانی رێکخرا لەژێر ناوی "دیداری بەرێوەبردنی ئەوروپا"، کە وەک سەکۆیەکی ئەوروپی بوو بۆ گەنگەشەکردنی بابەتە ئابوورییەکان.

لە دوای بەناوبانگبوون و فراوانتربوونی کۆڕبەندەکە بە بەشداری رۆشنبیران و سیاسەتمەدارن، لە ساڵی 1987 ناوەکەی بە فەرمی گۆڕدرا بۆ "کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی".

کۆڕبەندەکە ساڵانە لە کانوونی دووەم دەبەسترێت و ئەمساڵیش لە 15 تاوەکو 19ـی کانوونی دووەم بەڕێوەدەچێت بە بەشداری 100 حکومەت لە سەرانسەری جیهاندا، کە لە نێویشیاندا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

کلاوس شواب، دامەزرێنەری کۆڕبەندی داڤۆس
کلاوس شواب، دامەزرێنەری کۆڕبەندی داڤۆس

بۆچی لە داڤۆس؟

هەڵبژاردنی داڤۆس بۆ بەستنی کۆڕبەندەکە بێمەبەست نەبووە. پرۆفیسۆر شوابی دامەزرێنەر، بە مەبەست شارۆچکەکەی هەڵبژاردووە وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ بەشداربووان تاوەکو دووربکەونەوە لە جەنجاڵی ژیانی رۆژانە.

هەروەها ئەو پرۆفیسۆرە پێیوابووە کە ئارامی ناوچەکە و لەباری ژینگەکەی کەشێکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ دانوستان و گفتوگۆکردنی راشکاوانە بە ئاراستەی رێزگرتنی هاوبەش کە بە "رۆحییەتی داڤۆس" ناسراوە.

دیمەنی دڵڕفێنی دامێنی چیا و بە بەفر داپۆشراوی ئەڵپ لە داڤۆس، بووەتە سەرچاوەی ئیلهامی رۆمانێکی تۆماس مانن بەنێوی "چیا تەلیسماوییەکە".

کۆڕبەندەکە چ سوودێک بە داڤۆس دەگەیەنێت؟

بەهۆی بەشداری هەزاران سەرکردە و بەرپرس و بازرگانان لە هەفتەی کۆڕبەندەکەدا، هۆتێل و میوانخانەکانی داڤۆس جمەیان دێت لە میوان و رێبواران.

بە گووتەی شارەداری داڤۆس فلیپ وایلەم، شارۆچکەکە 42 هۆتێل لەخۆدەگرێت و رێژیەکی زۆر داهات دابیندەکات بۆ خاوەنەکانیان. 

هەروەها وایلەم دەڵێت: "زۆرێک لە کۆمپانیاکان و خەڵکێکی زۆر پشت بەو داهاتە دەبەستن کە لە ئەنجامی رێکخستنی کۆڕبەندە لە ناوچەکەیان بەدەستی دەهێنن". بەپێی ئامارەکانیش، بەشێک لە بازرگانەکان لە 40% داهاتی ساڵانەیان لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا بەدەست دەهێنن.

لەگەڵ سوودە ئابوورییەکاندا، چەند ئالنگارییەکیش رووبەرووی ناوچەکە دەبێتەوە بەهۆی کۆڕبەندەکەوە لە مانگی یەکەمی هەموو ساڵێکدا بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و مانەوە بۆ دانیشتووانی داڤۆس و خاوەنکاران کێشە دروستدەکات.

دیمەنێکی داڤۆس کە میوانان و کۆبوونەوەکان لەخۆدەگرێت
دیمەنێکی داڤۆس کە میوانان و کۆبوونەوەکان لەخۆدەگرێت

سەرچاوە: زە ناشناڵی ئیماراتی