بۆ یهكهمجار نهشتهرگهری تۆڕی چاو له نهخۆشخانهی هەولێری فێرکاری ئەنجامدرا
K24 – هەولێر:
له نهخۆشخانهی هەولێری فێركاری، دوای دابینكردنی ئامێر و پزیشكی پسپۆر، بۆ یهكهمجار نهشتهرگهری تۆڕی چاو ئهنجامدرا، نهشتهرگهرییهكه بهخۆڕایی بۆ هاووڵاتییان دهكرێت له كاتێكدا ئهگهر ئهم نهشتهرگهرییه له نهخۆشخانه تایبهتهكان بكرێت زیاتر له سێ ههزار دۆلار تێچووهكهی دهبێت.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی نەبوونی ئامێر و پزیشکی پسپۆڕ، نەشتەرگەری تۆڕی چاو لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری ئەنجامنەدەدرا، هاووڵاتییان ناچاربوون روو لە نەخۆخشخانە تایبتەکان بکەن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری تۆڕی چاو، کە تێچووەکەی زیاتر لە سێ هەزار دۆلار بوو.
بەڵام لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری بەهۆی دابینکردنی ئامێری پێویست و پزیشکی پسپۆر ئەم نەشتەرگەرییە بەخۆڕای بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت.
د. عومەر عوسمان، پزیشک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هاووڵاتییەك لە شوێنێکی دیکە نەشتەرگەری ئاوی سپی چاوی بۆ کرابوو، تووشی هەوکردن ببوو تەنیا رووناکی دەبینی، ئێمە هەستاین بە پاککردنەوەی ئەو میکرۆبانەی کە لەناو چاویەتی کە پێی دەگوترێت لابردنی شلەی شووشەیی، ئەگەر ئەم نەشتەرگەرییەمان بۆ ئەنجامنەدابا بە دڵنیاییەوە چارەخوازەکە چاوەکەی لەدەستدەدا".
لەلایەن خۆیەوە عەبدولڕەحمان، محەممەد، کەسوکاری نەخۆش، بە کوردستان24ـی گوت: "لە نەخۆشخانە تایبەتەکان گوتیان ئەو نەشتەرگەرییە بە سێ هەزار دۆلار ئەنجامدەدەین، بەڵام گوتیان دکتۆرێکی باش لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری هەیە، چوینە لای ئەو و بەخۆڕایی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامداین".
لە ساڵی رابردوو لە نەخۆسخانەی هەولێری فێرکاری نۆ هەزار و 809 نەشتەرگەری گشتی ئەنجامدراون، کە زیاتر لە 2000 نەشتەرگەری بۆ چاو ئەنجامدراوە.
نیهاد عوسمان: رۆژانە نەشتەرگەری تایبەت بە چاو بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دەدەین
سەرۆکی بەشی چاو لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، دەڵێت: ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی هەولێری فێکاری نەشتەرگەری تۆڕی چاو بە سەرکەوتویی ئەنجامدرا و بەردەوامیش دەبین.
نیهاد عوسمان، سەرۆکی بەشی چاو لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژانە نەشتەرگەری تایبەت بە چاو بۆ هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری ئەنجام دەدەین و بەردەوامیش دەبین.
سەرۆکی بەشی چاو لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، ئاماژەی بەوەدا، لە نەخۆشخانەکەدا لە کاتی دەوامی بەیانیان هەر پزیشکێکی پسپۆر نزیکەی 10 نەشتەرگەری ئەنجام دەدات، بەڵام نەشتەرگەری تۆڕی چاو کاتێکی زیاتر دەوێت بۆیە کەمتر لەو رێژەیە ئەنجامدەدرێت.
لەبارەی متمانەی هاووڵاتییان بە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، نیهاد عوسمان، گوتی: سوپاس بۆ خوا چارەخوازان لە نەخۆشخانەکەمان رازینە، هەروەها هەوڵدەدەین لە ماوەی داهاتوو هەموو چارەسەرییەکان بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین.