دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دهۆک سەرڕێژ بووە

سەررێژبوونی ئاوی بەنداوەکان
سەررێژبوونی ئاوی بەنداوەکان

K24-هەولێر:

بەرێوەبەری بەنداوی دهۆک ئاشکرایدەکات، بەهۆی بەفر و باران بارینی بەخوڕی رۆژانی رابردوو،  دوو ملیۆن مەتر سێجا، ئاوی بەنداوی دهۆک سەرڕێژ بووە و ئاستی ئاوی بەنداوەکەش یەک مەتر و 25 سانتیمەتر بەرزبۆتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(14ی کانوونی دووەمی 2024)، ئەندازیار فەرهاد محەممەد تاهیر بەرێوەبەری بەنداوی دهۆک بە کوردستان24 ی راگەیاند: لەماوەی 72 کاتژمێری رابردوو، رێژەی باران بارینی دوایی لە پارێزگای دهۆک 76 ملیم بووە و، رێژەی گشتیی بارین بارین لەو پارێزگایە لەم وەرزەدا گەیشتۆتە 345 ملیمەتر کە بەهۆیەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک مەترێک و 25 سانتیمەتر بەرزبۆتەوە.

بەرێوەبەری بانداوی دهۆک ئاشکرای دەکات، دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەسەر بەنداوی دهۆک سەرڕێژ بووە، دەشڵێت: ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک ئەمساڵ  سێ مەتر و 66 سانتیمەتر لەچاو پارساڵ بەرزتر بۆتەوە تا ئێستا.

بەرێوەبەری بەنداوی دهۆک لەبارەی بەنداوی خنسەوە گوتی: رێژەی باران بارینی دوایی 114 ملیم بووە و ئەمساڵ رێژەی بارین بارین تێیدا گەیشتۆتە 480 ملیم، بەو هۆیەوە ئاستی ئاو لە بەنداوەکە چوارمەتر و 45 سانتیمەتر بەرزبۆتەوە و، دوو ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجاش ئاوی بەنداوەکە سەرڕێژبووە، لەگەڵ ئەوەی بەنداوەکە حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گڵداوەتەوە، کەچی بەردەوامیش ئاوەکەی سەرڕێژ دەبێت.

لەبارەی بەنداوی کەشکان، ئەندازیار فەرهاد محەممەد تاهیر رایگەیاند: رێژەی باران بارینی دوایی لە بەنداوی کەشکان 54 ملیم بووە و کۆی گشتیی بارین بارین لەم وەرزەدا گەیشتۆتە 269 ملیم، بەو شێوەیە 62 سانتیمەتر ئاو لە بەنداوەکە بەرزبۆتەوە و 330 هەزار مەتر سێجاش ئاو تێیدا سەرڕێژ بووە.

بەنداوەکانی کوردستان
بەنداوەکانی کوردستان