ئیبراهیم شەرەفانی: پرۆسەی چاکسازی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە

دڵشاد نامق: تەوەری سەرەکی بەرنامەی حکومەت پرسی چاکسازیکردن بوو لە سەرجەم سێکتەرەکان
ئیبراهیم شەرەفانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دڵشاد نامق، شرۆڤەکاری سیاسی
ئیبراهیم شەرەفانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دڵشاد نامق، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

راوێژکارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بەرنامەی کابینەی نۆیەم چاکسازییە، کە ئەم چکاسازیەش لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە. گوتیشی: زۆر جار چاکسازی دەبێتە هۆی تێکدانی بەرژەوەندی تاکە کەسی بە تایبەتی ئەو کەسەی کە گەندەڵی ئەنجام دەدات.

ئیبراهیم شەرەفانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، باشترین رێکار بۆ حوکمڕانییەکی باش چاکسازییە، بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی دامەزراندی کابینەی حکومەتەکەی، خاڵی سەرەکی و جەوهەری کە جەختی لێکردووەتەوە چاکسازی بووە.

ئەو راوێژکارەی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: چاکسازی لە بەرژەوەندی گشتی میللەت دایە، هەروەها لە بەرژەوەندی گشتی کیانی سیاسیش دایە، زۆر جار چاکسازی دەبێتە هۆی تێکدانی بەرژەوەندی تاکە کەسی بە تایبەتی ئەو کەسەی کە گەندەڵی ئەنجام دەدات.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان پرسی چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکانی حکومەت و لە هەیکەلی حوکمڕانیدا دەستی پێکردەوە، ئەو چاکسازییەی لەو کابینەیەدا کراوە لە کابینەکانی پێشوودا نەکراوە.

ئیبراهیم شەرەفانی، گوتی: بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ئەوانەی کە بەشدارن لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەشی کە بەشدار نییە، دژی سیستەمی چاکسازین، هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەتەوە بدرێت ئەو لایەنانە دژینە.

گوتیشی: بڕیار و راسپاردەکانی ئێستای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخەکان.

دڵشاد نامق: تەوەری سەرەکی بەرنامەی حکومەت پرسی چاکسازیکردن بوو لە سەرجەم سێکتەرەکان

دڵشاد نامق، شرۆڤەکاری سیاسی، لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، چاکسازی هەمیشە لەکاتێکدا دێتە ئاراوە کە گرفتێک یان قەیرانێک هەبێت، پێویستی بە راستکردنەوە هەبێت و بخرێتەوە سەر سکەی خۆی.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لایەنکانی پێکهێنەری ئەو کابینەیە بە بەرنامەیکی روون و رەوان رۆشتنە پەرلەمان، لە رێگەی خودی سەرۆکوەزیرانەوە ئەم بەرنامەیە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرا، لەناو بەرنامەی حکومەت تەوەری سەرەکی پرسی چاکسازیکردن بوو لە سەرجەم سێکتەرەکان.

دڵشاد نامق، هاوکات راشیگەیاند، کاتێک کە چاکسازی دەستپێدەکات کۆمەڵێک کەس بەرژەوەندیان دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە لە پرۆسەی چاکسازیدا هاووڵاتی دەبێتە تەوەری سەرەکی کارکردن، بۆیە هەمیشە سەنگەرگرتن لەلایەن گەندەڵکارانەوە دژی ئەو پرۆسەیە هەیە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گوتی: لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت هەستکردنیان بە بەرپرسیارەتی وەك یەك نییە و لە یەک ئاساتدا نییە.

گوتیشی: زۆرێک لەو لایەنانە ناتوانن قبوڵی ئەو قەیرانانە بکەن کە رووبەڕووی حکومەت دەبێتەوە هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی لەو ساتە بە دەستکەوت نازانن، بەڵکو پەلاماردانی ئەو حکومەتە و دژایەتیکردنی ئەو حکومەتە بە دەستکەوت دەزانن.