تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کێڵگە نەوتییەکانی حەسەکە بە ئامانج دەگرێت

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا

K24-هەولێر:

روانگەی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، کێڵگەیەکی نەوتی لە حەسەکە بە ئامانج گرتووە و سێ سەربازی سووریاش به‌هۆیه‌وه‌ كوژراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە (14ی کانوونی دووەمی 2024)، روانگەی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ، گرووپێکی سەر بە هۆبەی هەواڵگریی سەربازییان لە گوندی زەبانەی باشووری قامیشلۆ، لە دەوروبەری حەسەکە بەئامانج گرت.

روانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەكه‌ی تورکیا چەند پێگەیەکیان لە حەسەکە بە ئامانج گرتووە، لەوانەش کێڵگەکانی نەوت.

تورکیاش دووپاتیکردەوە، کردە سەربازییەکانی بەردەوام دەبێت لە باکووری عێراق و سووریا بۆ لەناوبردنی (تیرۆر) و رێگریکردن لە سەرهەڵدان و دروستبوونی ڕێڕەوێکی تیرۆریستی لە سنووری باشووری تورکیا.

سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بەسەرۆکایەتی رەجەب تەییب ئەردوغان لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆشکی دۆلمەباخچە لە ئیستەنبوڵ بەرێوەچوو، ئاماژە بەوە دەکات، له‌ کۆبوونەوەکەدا ستراتیژیەتی نەهێشتنی(تیرۆر) گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ کراوە، لەگەڵ هەنگاوەکانی گیراونەتە بەر و ئەوانەشی کە دەگیرێتەبەر دوای ئەو هێرشەی شەوی هەینی کرایە سەر ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سنووری هه‌رێمی كوردستان.

هەر لەو کۆبوونەوە ئەمنییەدا. سووربوون لەسەر بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژییەی کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، دووپاتی لێکراوەتەوە کە هەڕەشە لە مانەوەی کۆماری تورکیا دەکات.

تورکیا هێرشەکانی لە باکوری سوریا چڕتر کردووەتەوە و ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەکانی کردۆتە ئامانج. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا وێستگەی نەوتی "ئۆدە"یان کردە ئامانج لە شارۆچکەی قەحتانیە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا کە ناوچەیەکی شوێنەوارناسییان کردە ئامانج لە گوندی بەکروان لە گوندی مالیکیە لە باکوری حەسەکە لە شەوی هەینی تا شەممە.

شەوی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج سەرباز کوژران و هەشت سەربازیش بریندار بوون. دواتر وەزارەتەکە لە سێ بەیاننامەی دیکەدا ئاشکرای کرد، کە چوار سەربازی بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکان گەیشتە نۆ سەرباز.

دوای هێرشی پەکەکە، سوپای تورکیا چەند بنکە و بارەگایەکی پەکەکەی لە ناوچەکانی مەتینا، خواکوڕک، قەندیل و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە.