داڤۆس؛ شوێنی کۆکردنەوەی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان

داڤۆس 2024
داڤۆس 2024

K24 – هەولێر:

شارۆچكەی داڤۆس لە دامێنی چیای ئەڵپ لە سویسرا کە بەرزترین شارۆچكەی ئەوروپایە لەئاستی رووی دەریاوە، ساڵانە یەك هەفتەی مانگی كانوونی دووەم دەبێتە شوێنی كۆكردنەوەی هەزاران سەرۆك و سەركردە و كەسایەتی جیهان.

شارۆچكەی داڤۆس ژمارەی دانیشتوانەكەی ناگاتە 11 هەزار كەس، بەڵام بەهۆی جوانی و سەرنجراكێشی سرووشتەكەییەوە، سەرنجی گەشتیارانی راکێشاوە، بەتایبەتی گەشتیاری زستانە، ئەمەش بووەتە هۆی سەرچاوەی داهاتێكی زۆر باش بۆ دانیشتووانەكەی.

شارۆچكەی داڤۆس دەكەوێتە سەر رووباری لاندواسەر، بە 1560 مەتر بەرزی لە ئاستی دەریاوە، بەرزترین شارۆچكەیە لە ئەوروپا. ژمارەی دانیشتووانەكەی 10832 كەسە، سنووری شارەوانی داڤۆس 284 كلیۆمەتر دووجایە. لە 35%ـی ناوچەی كشتوكاڵی، لە 22%ـی دارستان، لە 2.3%ـی ناوچەی نیشتەجێبوونە و لە 40.5%ـیشی زەویی ئاساییە.

داڤۆس زستانێكی زۆر سارد و بەفراوی هەیە، گەشتیاری زستانە لە هەموو گۆشەیەكی ئەم جیهانەوە رووی تێدەكەن. گەورەترین شوێنی گەشتیاری و یارییەكانی سەربەفر لە داڤۆسە. ساڵانە بێجگە لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهان، پاڵەوانیەتی یارییەكانی سەر بەفر و چەندین بۆنە و چالاكی جیاوازی تێدا بەڕێوەدەچێت.

بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو كەسانەی ساڵانە روو لە شارۆچكەكەیان دەكەن، بەشێک لە میوانەكان هوتێل و شوێنی مانەوەیان دەستناكەوێت، خەڵكی داڤۆس زۆرجار ماڵ و شوێنی مانەوەی خۆیان بەكرێ دەدەنە میوان و گەشتیارە بیانییەكان. جیا لەوەش، هەبوونی چێشتخانە و كافێی بچووك، كاركردن لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان، بوونەتە سەرچاوەی داهاتێكی باش بۆ دانیشتووانی داڤۆس.

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" لە رۆژانی (15 بۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ئامانجی درووستکردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەکات.

داڤۆسی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.