کشتوکاڵی هەولێر: پێویستە جووتیاران بیر لە چاندنی گۆڵدن بێری بکەنەوە

"لەگەڵ کەشوهەوای هەرێـمی کوردستانی گونجاوە"

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، پێویستە جووتیارانی هەرێمی کوردستان گۆڵدن بێری بچێنن سوود و بەرهەمی زۆرە، لە رووی خزمەتگوزاریشەوە تێچووی ناوێت.

شێرزاد سەڵاح، توێژەر لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "گۆڵدن بێری خۆی رووەکێکی چەند وەرزەیە، یەک جار دەیچێنیت ئیتر ساڵانە خۆی دروست دەبێتەوە، کە ئەمە یەکێکە لە سوودە باشەکانی، جووتیار پێویستی بەوە نابێت هەموو ساڵێک تۆ بکڕێت و بیچێنێت، یەکێکە لەو رووەکانەی کە لەگەڵ کەشوهەوای هەرێـمی کوردستانی گونجاوە، پێویستە جووتیارانمان روو لە چاندنی ئەم رووەکە بکەنەوە".

گوتیشی: "گۆڵدن بێری نرخێکی بەرزی هەیە، بەڵام دەبێت جووتیار هۆشیار بێت لە چ وەرزێک و کاتێک ئەو رووەکە دەچێنێت، چونکە ئەو رووەکە خۆی لە وەرزی بەهاردا دەچێنرێت و لە وەرزی پایز، بەرەکەی دەبێت واتە لە دوای مانگی 10، لە رووی خزمەتگوزاریشەوە هیچی وای ناوێت تەنیا ئاودان و هەندێک پەینی ئاژەڵانی دەوێت، تێچووی کەم و بەرهەمی زۆر و گران، ئەو کاتە جووتیار دەتوانێت سوودی لێ وەرگرێت و بیفرۆشێتەوە".

شێرزاد سەڵاح، راشیگەیاند: "گۆڵدن بێری رووەکێکی دەوەنییە واتە نە دارە نە گوڵە، رووەکێکی پزیشکییە ڤیتامین و کانزاکان و بەها خۆراکییەکانی زۆر بەرزە، ڤیتامین سی کە بۆ بەرگری لەشیش زۆر باشە، ئەسید و کانزا باشەکانی تێدایە، رووەکێکی ئابوورییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە جووتیارانی کورد تائێستا هەوڵیان نەداوە پشتی پێ ببەستن، چونکە جووتیار هەوڵی ئەوە دەدات بازاڕ بدۆزێتەوە، هەرچەندە ئەگەر لە شوێنی ئاسایی بیکڕێت بۆکسێکی بچووک 100 بۆ 200 گرام بە حەوت هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر بێت و لە مارکێتێک یاخود شوێنێکی دیکە بیکرێت نرخەکەی 10 هەزار دینارە".

ئەوەشی خستەڕوو، یەک جۆر گۆڵدن بێری هەیە، گەر بێت و جووتیار بازاڕ بۆ خۆی بدۆزێتەوە، تێچووی بەرهەمی نابێت، چونکە خۆی دروست دەبێتەوە، دەشڵێت: "ئێمە توێژینەوەمان کردووە لەسەری لە توێژینەوەکە سەرکەوتوو بووین، ئامانجیشمان فره‌چه‌شنكردنى به‌رهه‌مه‌كانه‌ و لە هه‌مانكاتیش سوود و قازانجى زیاتر بۆ جووتیارەکانمان".

ئا:لاڤین عومەر