بەریتانیا 20 هەزار سەرباز بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕی سەربازی هاوپەیمانی ناتۆ دەنێرێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا نزیکەی 20 هەزار سەرباز دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕێکی سەربازی هاوپەیمانی ناتۆ لە ئەوروپا، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، جگە لە کەشتی جەنگی و فڕۆکەی شەڕکەر.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، جێگیرکردنەکە 16 هەزار سەربازی سوپای بەریتانیا لەخۆدەگرێت کە لە مانگی شوبات تا مانگی حوزەیران لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا جێگیر دەبن، جگە لە کۆمەڵێک کەشتی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکەی هێرشبەری "ئێف 35 بی" و فڕۆکەی سیخوڕی، مانۆڕەکە بە بۆنەی 75 ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ دێت.

 گرانێت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا لە وتارێکدا لە لانکاستەر هاوس رایگەیاند، "ئەمڕۆ دەتوانم رابگەیەنم کە بەریتانیا نزیکەی 20 هەزار سەرباز بۆ مانۆڕە سەربازییەکەی هاوپەیمانی ناتۆ دەنێرێت".

 شاپس سەبارەت بە مانۆڕەکان گوتیشی، مانۆڕەکە هێزە سەربازییەکانمان لەگەڵ هاوتاکانمان لە 30 وڵاتی هاوپەیمانی ناتۆ لەگەڵ سوید کۆدەکاتەوە، ئەمەش دڵنیایی گرنگ دەدات لە بەرامبەر ئەو مەترسییەی پوتن دروستی دەکات.