هونەرمەند هاوکار شەیدا بە شێرپەنجە ماڵئاوایی لە ژیان کرد

K24 - هەولێر

هاوکار شەیدای هونەرمەند و راهێنەری گرووپی تیپی هونەری میللی کەرکووک دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە دواجار ماڵئاوایی لە هونەر و میوزیک ۆ تابلۆ رەنگینەکانی ژیان کرد.

نەژاد نەجم، سەرۆکی گرووپی شانۆی هەوار بۆ شانۆ لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، هونەرمەند هاوکار شەیدا ماوەی دوو ساڵە بەدەم نەخۆشیەکی سەختەوە دەناڵێنێت، بەڵام هەرگیز بڕیاری نەدابوو، کە خۆی رادەستی قەدەری ژیان بکات و واز لە هونەرەکەی بێنێت، چونکە پێی وابوو، هونەرمەند بەهێزە و دەتوانێت بەسەر گرفتەکانی ژیان سەرکەوێت و هیچ کات نەیدەویست وای نیشان بدات، کە تەندروستی بەرەو خراپ بوون دەچێت و لە مردن نزیک بووەتەوە.

شەیدا دەیگوت: مەرگ ناتوانێت زەفەر بە منێک بەرێ کە شانۆ و هەڵپەڕکێم لێکردووە بە سەکۆیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی، ئەمەش هیوایەکی گەورە بوو لە دڵی هەموواندا، بەداخەوە ئەم ئێوارەیە کت و پڕ، ئەو هونەرمەندە بارگەی تێکنا و ئێمە و تابلۆ جوانە هونەری و تەواوی پڕۆژە هونەرییەکانی جێهێشت و بەبێدەگی ماڵئاوایی لە ژیاندا کرد.