بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: ئەمریکا و رووسیا لە هێرشەکانی تورکیا بەرپرسیارن

هێزەکانی سووریای دیموکرات - ئەرشیف
هێزەکانی سووریای دیموکرات - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایدەگەیەنێت، ئەمریکا و رووسیا بەرپرسیاری راستەوخۆن لە هێرشەکانی تورکیا لە ناوچەکە و دەبێت رێگری لێ بکەن و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش مەترسییەکانی بووروژێنن.

بەدران چیا کورد، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو، نووسیویەتی"هێرشەکانی تورکیا بەشێکە لەو شەڕەی بۆ پاکتاوکردنی پێکهایەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پیادەی دەکات، ئامانجەکەشی لێدانە یەکگرتوویی پێکهاتەکانی ناوچەکە و ئەم پرۆسە سیاسییەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەڕێوەی دەبات".

داواشی لە هەر یەک لە ئەمریکا و رووسیا کردووە، فشارەکانیان لە سەر تورکیا چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی هێرشەکانی رابگرێت، هاوکات مەترسی هێرش و هەڕەشەکانی سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش بکەنە پاکێجێک و پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن، بۆ ئەوەی بڕیارێک لە دژی ئەو لایەنە دەربکرێت، کە پێشێلی ئاگربەست  و بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە، دەربارەی ئاگربەست لە سووریا.

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری 2019 هەر یەک لە حکومەتی تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە لە سەر راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی نێوانیان رێککەوتن، بەڵام سێ رۆژ لە دوای تێپەڕبوونی رێککەوتنەکە پێکدادانەکانی دەستیپێکردەوە و هەردوو لایەنیش یەکتریان بە پێشێلکردن تۆمەتبارکرد.