ئەمەل جەلال: داهاتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی گەشتووگوزار رایگەیاند، لە ئێستادا سێ هەزار و 100 بنکەی چالاکی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن و بەراورد بە ساڵانی رابردوو داهاتی گەشتیاری زیادیکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتووگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی: "لە ئێستادا سێ هەزار و 100 بنکەی چالاکی گەشتیارییمان هەیە، کە دابەشبووە بەسەر ناوچە گەشتیارییەکان و هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سنووری چوار ئیدارە سەربەخۆکان".

گوتیشی: "نزیکەی 80 هەزار شوێنی مانەوەمان هەیە، ئەمەش یەکێکە لەو پێداویستییانەی بۆ گەشتیاران دەستەبەر دەکرێت".

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار راشیگەیاند: "ئەو بەراوردکارییەی کە کراوە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، بۆمان دەرکەوتووە لە چوار ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، قەبارەی سەرمایەی پڕۆژەگەشتییارییەکان بە پلەی یەکەم دێت، بەو پێیەی زیاتر لە %42.88ـە کە قەبارەی سەرمایەی پڕۆژەی گەشتییاری زیاتر لە 55 پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجامدراون، خۆی دەبینێتەوە لە حەوت ملیار و 387 ملیۆن و 699 هەزار و 880 دۆلار سەرمایە گوزاری لە بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان کە لە کابینەی نۆیەم ئەنجامدراوە".

ئاشکراشیکرد: "داهاتی گەشتیاریی بە بەراورد بە ساڵانی رابردووە، جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ساڵانی رابردوو، زۆرێک لە چالاکییە گەشتییارییەکانمان یا مۆڵەتییان نەبووە، یان مۆڵەتییان نوێ نەکردووەتەوە یان چالاکییەکانیان وەکو پێویست نەبووە، داهاتی گەشتووگوزار لە ساڵی 2023، بە بەراورد بە ساڵی 2019، لە 17% زیادیکردووە".

هەروەها، بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و بە سیستەمکردنی پلێن و پشکنینی کارە کارگێڕییەکانی وەرگرتنی مۆڵەت، کۆمەڵێک چالاکی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری و لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری و فەرمانگەی هەماهەنگی، بە هەماهەنگی ئەوان ئێمە ئێستا لە کارکردنداین.