رێگایەکی نوێ لە گۆمەسپان دروست دەکرێت

K24 - هەولێر

جێبەجێكاری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان رایدەگەیەنێت، رێگای گۆمەسپان کە كەوتووەتە ژێر ئاو، لە ماوەی 10 رۆژدا رێگایەكی  كاتی بۆ دروست دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە،15ـی کانوونی دووەمی2024، عەبدوڵڵا گەردی، سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی بەنداوی گۆمەسپان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێگایەکی کاتی وەک جێگرەوە لە گۆمەسپان دروست دەکرێت، کە لە ماوەی 10 رۆژدا تەواو دەبێت، ئەگەر باران نەبارێت کەمتر لە 10 رۆژە رێگاکە دروست دەکرێت".

گوتیشی: "ئەو رێگایەی ئێستا هەیە لە داهاتوودا هاتووچۆی لەسەر نامێنیت، رێگای جێگرەوەش دیزاینی تەواو بووە، لەماوەیەکی کورتدا کەمتر لە 15 رۆژ هەتا مانگێک کۆمپانیای جێبەجێکار دەست بەکارەکانی دەکات، ئەو رێگایەی گۆمەسپان بە یەکجاری دادەخرێت و ئێستا رێگایەکی لادانی کاتی دەکەینەوە بۆ ماوەی ساڵێک، هەتاکو رێگای جێگرەوە سەرەکییەکەی گۆمەسپان تەواو دەبێت".

سەرپەرشتیاری جێبەجێکاری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان راشیگەیاند: "بەنداوی گۆمەسپان لە ئێستادا 65% کارەکانی تەواو بووە، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە".

ئا: لاڤین عومەر