هێمن لهۆنی: شاندی کوردستان زۆر چالاکانە لە کۆڕبەندی داڤۆس بەشدارە

هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ماڵی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس دەڵێت، ئەمساڵ شاندی هەرێمی کوردستان زۆر چالاکانە لە کۆڕبەندەکە بەشدارە و، چەندین گرێبەست و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گەورە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی جیهان واژوو دەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15-01-2024، هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەڕێوەچوونی 54ـەمین کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس لە سویسرا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمساڵ هەرێمی کوردستان زۆر چالاکانە لە کۆڕبەندی داڤۆس بەشدارە و بە ئەنجامی باشیش دەگەڕێینەوە".

بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان ئەوەشی خستەڕوو، "بە دەستپێشخەریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا ئەمساڵ هەندێک گۆڕانکاریی لە بەشداریی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس بکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان باشتر بێت و کاریگەرییەکەشی زیاتر بێت".

لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، بۆ جاری یەکەم لە شەقامی سەرەکی داڤۆس، ماڵی کوردستان هاوشانی وڵاتانی دیکە دەکرێتەوە.

بە گوتەی لهۆنی، لە پاڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ نزیکەی 11 وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆڕبەندی داڤۆس دەکەن و لە ماڵی کوردستان کۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ گەورە بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان دەبێت. هاوکات چەندین گرێبەست و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گەورە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی جیهان واژوو دەکرێن.

هێمن لهۆنی، کە هاوکات سەرپەرشتیاری ماڵی کوردستانە، روونیکردەوە، "ماڵی کوردستان لە داڤۆس لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە (عێراق ماڵی نییە)، لە ماوەی چوار رۆژی کۆڕبەندەکەدا پێشوازی لە مێوانان و بەشداربووان دەکات. بەشێکیش دەبێت لە پلانی بە بازاڕکردن و سەرنجڕاکێشانی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان".

بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان گوتی، "ماڵی کوردستان دەرفەتێکە بۆ شاندی کوردستان بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی گەورەی جیهانی ببینن. دەرفەتێکیشە بۆ گەشەسەندنی ئابووری کوردستان و پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان لە کوردستان. هاوکات کەلتووری کوردستان پیشانی میوانان دەدات و چەندین چالاکی جۆراوجۆری دەبێت".

لهۆنی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمساڵ کۆمپانیایەکی کوردی بووەتە ئەندامی کۆڕبەندی داڤۆس؛ ئەمە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی تایبەت پیشان دەدات و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا سوودی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت".

کۆڕبەندی داڤۆس 2024، ئەمڕۆ دووشەممە بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" دەستیپێکرد و تا رۆژی هەیینی، 19-01-2024، بەردەوام دەبێت. کۆڕبەندی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 سەرۆک حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.